٤٠٠ سەربازی ئەمریکاییش لە شەڕی مووسڵدا بەشدار دەبن

ئاژانسەکان -KDP.info- سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٤٠٠ سەربازی ئەمریکایی هاوکاریی شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەکەن.
(ئەی.بی.سی نیوز) لێدوانی بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمریکای گواستەوە کە ڕایانگەیاندووە ٤٠٠ سەربازی ئەمریکی لە یەکەی ١٠١ لە عێراق نیشتەجێ دەکرێن وەک پشتیوانی لەو هێزانە کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای ئەنبار دەکەن.
ئەو سەربازانە بەشێکن لەو هێزانەی کە پێشتر ئاشتون کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو لەسەر ڕەزامەندیی باراک ئۆباما ٥٦٠ سەربازی دیکە ڕەوانەی عێراق دەکرێن بەمەبەستی بەڕێوەبردنی لایەنی لۆجستیکی بنکەی ئاسمانیی گەیارە لە باشووری مووسڵ.
شایانی باسە، بنکەی ئاسمانیی گەیارە مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە.




