٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمەڵكوژییەكەی حەویجە روون نییە چۆن كراوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك دەڵێت، خەڵكی ژێر دەستی داعش بێهیوا بوونە و ڕادەكەن، داعشیش كەمینیان بۆ دادەنێت و زیاتر لە 80كەسی كوشتووە و 6كەسیشی سووتاندوون.

فەرماندەی هێزەكانی پارتیی ئازادی كوردستان (حوسێن یەزدانپەنا)، بە ماڵپەری  فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، خەڵكی حەویجە و دێهاتەكانی رۆژ نییە لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕانەكەن و نەیەنە سنووری هێزی پێشمەرگە كە ژمارەیان گەلێك زۆرە و زیاترە لە پێنج هەزار كەس، لەو ماوەیەی دوایییشدا ئێجگار زۆر بووە، ئەمەیش دوای ئەوەی داعش بەردەوام ڕووی لە شكستە".

(یەزدانپەنا) گوتیشی، راكردنی ئەو خەڵكە ئەوە نیشان دەدات كە داعش شكستی بردووە و هەفتەی داهاتوو ژمارەیەكی زۆر خەڵك لە حەویجە رایان كرد، بەڵام داعش پێی زانیبوون و كەمینی بۆ دانابوون و بەپێی هەندێك زانیاری زیاتر لە 80كەسیان كوشتووە و شەش كەسیشیان سووتاندوونە".

فەرماندەی هێزەكانی پارتیی ئازادی كوردستان دەشڵێ، دوای ئەوەی راكردنی خەڵك بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، لە ئێستادا داعش مۆبایلی لە خەڵكی سەندووە و شەبەكەیشی بچڕاندووە بۆ ئەوەی هیچ هەواڵ و زانیارییەك لەوێ بڵاو نەبێتەوە.

ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ كاتێكدان كه‌(ئەشواق جاف)ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئه‌وان هیچ سەرچاوەیەكی بڕواپێكراویان نییە لە حەویجەوە زانیارییان بۆ بنێرێ، تا راستی و دروستی ئه‌م كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵه‌ی داعشان له‌و شارۆچكه‌یه‌ پشتڕاست بكاته‌وه‌.

ژمارەیەكی ئێجگار زۆر چەكداری داعش لە قەزای حەویجە كۆ بوونەتەوە و ئەوانەی پێشتر لە تكریت رایان كردووە، هەموویان چوونەتە حەویجە، وه‌ك (ئه‌شواق جاف) ده‌ڵێ، پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ پرسەكەدا بكرێت، چونكە هەندێ سەرچاوە دەڵێن 1600 كەس كوژراون و هەندێك دەڵێن 160 كەسە، هەندێ زانیاری باس لە كوژرانی هەشتا كەس دەكەن، لەبیرمان نەچێ خەڵكی حەویجە ئەوەن كە لە كاتی بەدیلگرتنی پێشمەرگەكان هەموویان چەپڵەیان بۆ داعش لێ دەدا، واتە خەڵك لەگەڵ ئەوانە.

(جاف) دەشڵێ: "كۆمەڵكوژییەكەی قەزای حەویجە لە كاتێكدایە نزیك بووینەتەوە لە ئازادكردنی شاری مووسڵ ئەم هەواڵە بڵاو بووەتەوە، وەك لیژنەی مافی مرۆڤ هەڵویستمان روونە و دژی هەر كوشتنێكی هاووڵاتیانی سڤیلین، بە تیابەتی ئەوانەی دەستیان تێكەڵ نەكردووە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، حەویجەیش چاپخانەی داعشەكانە و پێشبینیی هەموو شتێكی لێ دەكەین".

(یەزدانپەنا)یش باس لەوه‌ ده‌كات كه‌، داعش كە دەوڵەتی خیلافەتی دروست كردبوو لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئێستا ئاسەوارەكانی شكست و هەرەسی داعش دەركەوتووە كە یەكێك لە ئاسەوارەكان راكردنی خەڵكە، لەبەر ئەوەی دەزانن بێهیوابوونە و بە تایبەت زۆر حەزیان لێیە خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە بكەن، چونكە دەزانن پێشمەرگە مافی مرۆڤ لە بەرچاو دەگرێت.

قائید میرۆ-بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار