٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش خەڵکی حەویجەی دایە بەر گوللە

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  ئەو هەموو خێزانە حەویجەییەی بەرەو سەنگەرەكانى پێشمەرگە ڕایان‌دەکرد، کەوتنە بۆسەی داعشەوە و، بە دەستڕێژی گوللە چەند كەسێكیان لێ كوژرا.

عەقیدڕوكن تاریق ئەحمەد جێگرى لێواى ٢ى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند: "داعش مەفرەزەى چەكداریان بڵاوە پێ كردووە و، ئەو خەڵكانە دەگرن و ڕاو دەكەن كە دەیانەوێت حەویجە بەجێ بهێڵن؛ سەرانەیشیان لێ دەسێنن."

عەقیدڕوکن گوتیشی: "بە هەزاران كەس خۆیان ئامادە كردووە لە حەویجە ڕابکەن؛ پێرەشەویش پێنج خێزان بەدەم ڕاکردنەوە، بۆمبیان پێدا تەقییەوە و، دوو كەسیان لێ كوژرا."هەرچەندە دەربارەی ژمارەی ئەو کەسانەی دوێشەو بە دەستی داعش كوژراون، قسە زۆرە، بەڵام بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاوناحیەكان دەڵێ هەر دوو كەس كوژراون.

عەمید سەرحەد قادر بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند: "خەڵكێكى زۆر دەیانەوێ لە حەویجە ڕابکەن، بەڵام داعش ناهێڵێت." بە قسەی بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاوناحیەكانى كەركووك، پێرەشەو ٥٠٠ كەسى تر لە حەویجەوە خۆیان گەیاندووەتە سەنگەرەكانى پێشمەرگە.

لەوەتەى داعش حەویجەى داگیر کردووە ناوبەناو خەڵك ئەو شارۆچکەیە جێ دەهێڵن، بەڵام ئێستا كە هێرشى هێزە عێراقییەكان بۆ سەر ئەو قەزایە نزیك بووەتەوە دانیشتووانى ئەو ناوچەیە بەلێشاو هەڵدێن.

هەواڵی پەیوەندیدار