كارکردن لە كەیسی گەندەڵی پەرلەمانتاران فراوان بووە

بەغدا-KDP.info- لیژنەی یاسا و دەسەڵاتی جێبەجێكار و ئەنجومەنی نوێنەران و داواكاری گشتیی كار لەسەر كەیسی گەندەڵییەكانی پەرلەمانتاران دەكەن.
(موحسن سەعدوون) سەرۆكی لیژنەی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی وەزیری بەرگری عێراق ئەو هەمووگەندەڵیەی بەشێك لە پەرلەمانتاران و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی خستە ڕوو، ئێستا ئێمە وەكو لیژنەی یاسا چاودێری بابەتەكە دەكەین و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ گەندەڵان پێك هێناوە، دەسەڵاتی جێبەجێكاریش لیژنەی بۆ پێك هێناون، داواكاری گشتیش داوای كردووە هەرچی ناوی لەم گەندەڵیانە هێندراوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت."
سەرۆكی لیژنەی یاسا ئاماژەیشی دا: "دەسەڵات لە دەستی ئەنجومەنی نوێنەراندایە، ئەنجومەنی نوێنەران چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێكەر دەكات و دەبێ بابەتی ئەم گەندەڵیكردنە یەكلایی بێتەوە."
گوتیشی: "پەرەمانتاری دەوڵەتی یاسا داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، بەڵام خۆ پەرلەمان نەبێت حكوومەتیش نابێت."
لە دانیشتنەكەی 1ـی ئابی ئەنجومەنی نوێنەران كە تایبەت بوو بۆ لێپرسینەوە لە (خالد عوبەیدی) وەزیری بەرگریی عێراق، جگە لە سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمان، چەند پەرلەمانتارێکیش لەلایەن ئەو وەزیرەوە تۆمەتبار كران بە گەندەڵی.
سەرباز واحد




