٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوننە و شیعەی عێراق لێک ڕاسان

سەرچاوە: KDP.info

 ئاژانسەکان- -KDP.infoقسەکانی ئەم جارەی وەزیری بەرگریی عێراق، گرژی خستە نێوان سوننە و شیعە.

دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە بانگهێشتی خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراقی کرد بۆ لێپرسینەوە لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی، لە چوارچێوەی لێدوانەکانیدا لە بەرامبەر پەرلەمانتاران، عوبێدی، سەرۆکی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێکی بە تێوەگلان بە گەندەڵی تومەتبار کرد، بەوەش ئاڵۆزییەکی سیاسیی توند کەوتە نێوان شیعە و سوننەکانی عێراق.

وەک کاردانەوەیەک بۆ وتەکانی عوبێدی، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆڵی پەرلەمانی بەجێهێشت و ڕایگەیاند تا دادگا بێتاوانیی ئەو پەسەند نەکات، ناگەڕێتەوە هۆڵی پەرلەمان. لەبەرامبەردا، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران،گەشتی دەرەوەی وڵات لەو کەسانە قەدەغەکرا کە عوبێدی بە گەندەڵ ناوی هێنابوون و ئەمەش بووە هۆکاری دەنگدانەوەی جیاجیا لەسەر ئاستی ڕای گشتی و سیاسیی سوننەکانی عێراق.

لە بڵاوکردنەوەیەکدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەلیم جبوری ڕەخنەی لە بریارەکەی عەبادی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە "سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیار بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان دەربکات". لەلایەکی دیکەوە بەپێی ماڵپەری (هاوپەیمانیی یەکگرتوو بۆ چاکسازی) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیاندا ڕایگەیاندووە کە "قسەکانی وەزیری بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە سیاسی کراون".

 هەروەها ماڵپەڕی (ئیلاف) بڵاویکردووەتەوە کە "هیزە سیاسییە سوننەکانی عێراق ناڕازین لەو تۆمەتانەی وەزیری بەرگری ئاراستەی سەلیم جبوری و چەند پەرلەمانتارێکی کردووە".

لەبەرامبەردا، ماڵپەڕ و سایتە شیعەکانی عێراق گرنگییان بە بابەتەکە داوە و بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی (ئەلغەدیر)ی سەر بە نووری مالکی، "وەزیری بەرگریی عێراق چەند ڕاستییەکی سەبارەت بە گەندەڵی درکاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە کە دەبێ ئەو بابەتە لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە".

 هەروەها (عالیە نوسەیف) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بۆ کەناڵی (ئیتیجا‌ه‌ پرێس) ڕایگەیاندوە کە "بەجێهێشتنی هۆڵی پەرلەمان لەلایەن سەلیم جبوورییەوە بۆ ئەوە بووە لە ئاڵۆزی دروست بکات" و بە شانۆگەری وەسف کردووە، لەهەمان کاتدا بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی دەستەی حەشدی‌شەعبی "هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە سەلیم جبوری لە شوێنەکەی لاببرێت".

جێی باسە، گرژی و ئاڵۆزیی زۆر لە نێوان هیزەکانی شیعە و سوننە لەسەر پرسی دەسەڵات و کونتڕۆڵکردنی ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن حەشدی شەعبیەوە هەیە، بە تومەتبارکردنی سەلیم جبوری وەک سەکردەیەکی دیاری سوننە بە دوسیەی گەندەڵی، ئەو ئاڵۆزییانەی قووڵتر کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار