لیژنەی دەستپاكی: لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانەدا دەكرێت كە بە گەندەڵی تۆمەتبار كراون

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند دروست دەكرێت و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە دەكرێت كە لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە بە گەندەڵی تۆمەتبار كرابوون، زۆرینەی قسەكانی وەزیری بەرگرییش راست بوون و هیچ گومانی تێدا نییە كە ئەوانە گەندەڵییان كردووە.
(ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا لە پەرلەمان لیژنەی لێكۆڵینەوە لەبارەی تۆمەتباركردنی سەرۆك و چەند پەرلەمانتارێك بە گەندەڵییەوە دروست نەكراوە، بەڵام بڕیارە لیژنەیەك دروست بكرێت و ئەوانەی ناویان هاتووە، ئامادەیی خۆیان دەربریوە بچنە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی لەوێ بڕیاری لەبارەوە بدرێت، ئێمەیش وەكو لیژنەی دەستپاكی چاودێر دەبین لەسەر ئەو پرسە و ئەگەر پێویستی كرد خۆیشمان دەبینە ئەندام لەو لیژنەیە، لەبەر ئەوەی لیژنەكانی پەرلەمان چاودێرن ئەگەر لیژنەی لێكۆڵینەوە كە دەبێ تایبەت مەندبێت كاری خۆی نەكرد، ئەوكات ئێمە بەو كارە هەڵدەستین كە كاری چاودێری دەبێت".
(نوورەدین) گوتیشی: "ئێمە ناتوانین باس لەوە بكەین هەموو قسەكانی وەزیری بەرگری لەبارەی گەندەڵییەوە راستن، بەڵام زۆرینەی راستن و هیچ گومانێكیان لەسەر نییە، بۆیە پێویستە ئەمانە لە دادگا یەكلا بكرێنەوە".
بڵند ئیبراهیم




