"پەرلەمانتارانی گەندەڵ پارێزبەندی نوێنەرایەتییان لێ وەردەگیرێتەوە"

بەغدا-KDP.info- سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی ئەمڕۆ گەندەڵیان لەسەر راگەیاندرا، پارێزبەندی دیپلۆماتیکیان لێ وەردەگیرێتەوە.
(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامە كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند:" دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆتایی پێهات و لەبەر ئەوەی زۆربەی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكە دەرچووبوون دانگدانەكان دواخرا.
ئەم بەڵگانەشی خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراقەوە ئەمڕۆ خستییە ڕوو و سەرجەم گەندەڵییە لە گرێبەستەكانی وەزارەتی بەرگریدا؛ هەر لە كڕینی چەكەوە بیگرە تا دەگاتە گریبەستە سەربازییە ناوەخۆییەكان؛ ئەوانەشی ناویان هاتبوو "سەلیم جبوری، محەمەد كەربولی، عالیە نوسەیف، حەنان فەتلاوی، حەیدەر مەولا و چەندانی تر، كە سەینوبەینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریدا هەبووە."
جەختیشی كردەوە: "ئاشكرا بوو حەنان فەتلاوی ماوەیەك لەمەوبەر داوای لیكۆڵینەوەكردن لەگەڵ وەزیری بەرگری كردووە بەڵام دووملیۆن دۆلار بەرتیلی وەرگرتووە و بێدەنگ كراوە بە بەرتیل."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاشیگەیاند: "ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كە گەندەڵكاران ئاشكرا بن، ئەوە تەنها لە یەك وەزارەت ئەم هەموو گەندەڵییە كراوە و 21 وەزارەتی تر ماوە كە گەندەڵیەكەیان ئاشكرا بكرێت؛ دیارە گەندەڵان وەكو زنجیرێك بە یەكەوە بەندن. خۆ ئەوانەیشی چووبوونە بەرەی چاكسازییەوە زۆریان گەندەڵ دەرچوونە."




