٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەزیری بەرگری عێراق، گەندەڵییەکی حەنان فەتلاوی ئاشکرا کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  وەزیری بەرگریی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بە بەڵگەوە ئاشكرای كردووە (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، (محەمەد كەربولی)، (حەنان فەتلاوی)، (عالیە نوسەیف) و چەندانی تریش گەندەڵییەکی زۆر گەورەیان کردووە.

(شاخاوان عەبدوڵا) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێپێچینەوە لە (خالید عوبەیدی) وەزیری بەرگری عێراق دەستی پێكرد؛ لە قسەكانیدا وەزیری بەرگری باسی لەوە كرد "بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی بۆ لێپێچینەوە بانگیان كردووم داوای گریبەستی زۆر گەورە و پارەی زۆریان لێ كردووم، منیش بۆم نەكردوون بۆیە لێرەم". ئێمەی پەرلەمانتاریش لێپێچینەوەكەی وەزیرمان دواخست و كەوتینە ڕێوشوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەو هەموو گەندەڵییەیان كرووە."
 
بریاردەری لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری ئاشكراشی كرد: "وەزیری بەرگریی عێراق بە بەڵگەوە ناوی (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، (محەمەد كەربوولی)، (حەنان فەتلاوی)، (عالیە نوسەیف) و چەندانی تریشی هێنا كە گەندەڵی زۆر گەورەیان کردووە. وەزیر جەختیشی كردەوە كە (حەنان فەتلاوی) داوای دووملیۆن دۆلاری لێی كردووە.
 
ئێمە وەختی خۆیشی باسی گەندەڵایەتییەکەی حەنان فەتلاویمان دەكرد و جەختمان لێ دەكردەوە، ئەوەتا شوكر ئەمڕۆ ڕووی رەش بوو؛ هەموو گەلی عێراق زانییان؛ تۆڵەی میللەتی كوردیان لێ بوویەوە.
 
گوتیشی: "ئێمەی پەرلەمانتارانی تریش داوامان كرد لیژنەی لێپێچینەوە لە هەموویان پێك بێت و وەزیر بەردەوام بێت لە قسەكانی، سەلیم جبووریشمان هێنایە خوارەوە چونكە تۆمەتبار كراوە و جێگرەكەی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی كرد. دانیشتنی پەرلەمان بەردەوامەو پشێویەكی زۆر روی تێكردووە چونكە وەزیر زۆر گەندەڵی بە وردی ئاشكرا كردووە."
 
لای خۆیشیەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی عێراق بانگھێشتی پەرلەمان کرابوو لێی بپێچنەوە و، پاشان متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام وەزیری بەرگری سەرۆکی پەرلەمان و (عالیە نوسەیف) و (حەنان فەتلاوی)ـی تۆمەتبار کرد بە گەندەڵی؛ گوتیشی ھەڕەشەی لێ کراوە گەر چەکیان پێ نەدات و داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت؛ پاش ئەو قسانە بوو بە بەزم."

 وەزیری بەرگری توانیویەتی قەناعەت بە پەرلەمانتاران بھێنێت؛ بۆیە کێشەکە گەورە بووە و، پێویستە دادگا ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتن و لە بەشێكی كارنامەكەدا لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێك وەزیری بەرگریی عێراق بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران كرابوو بۆ لێپێچینەوە.
 
سەرباز واحید-بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار