بریفكانی: هەمان مەترسیی هیومان رایتس وۆچمان لەبارەی حەشدی شەعبییەوە هەیە

مووسڵ-KDP.info- رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، داوا لە حكوومەتی عێراق و بەرپرسان دەكات رێگە نەدەن حەشدی شەعبی بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا بكەن، لەبەر ئەوەی مەترسی هەیە هاوشێوەی تكریت و فەلوجە كۆمەڵكوژی ئەنجام بدەن، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: "ئێمەیش هەمان مەترسیمان هەیە، بۆیە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ رەت دەكەینەوە".
(هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە پێشتر بەشداریكردنی حەشدی شەعبیمان لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ رەت كردووەتەوە، لەبەر ئەوەی بە مەترسی دەزانین كە هاوشێوەی تكریت و فەلوجە كۆمەڵكوژی ئەنجام بدەن، چونكە دەزانین بەشدار بن مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت، لەبەر ئەوەی مووسڵ چەندین پێكهاتەی جیاجیا لە خۆ دەگرێت، بۆیە ئەو پارێزگایە زۆر هەستیارە".
(بریفكانی) گوتیشی: "ئەو هێزانەی هەن كە هێزی حەشدی نیشتیمانی و پۆلیس و هاوپەیمانان و پێشمەرگەن، بەسن بۆ ئەوەی مووسڵ رزگار بكەن و پێویست بە حەشدی شەعبی ناكات، چونكە ئێمە بە مەترسی دەزانین بۆ سەر مووسڵ".
بڵند ئیبراهیم




