داعش ترسی لە کودەتایە.. ٦٢ ئەمیر و چەندان کۆنەبەعسی و کەسایەتیی هۆزەکانیان گرتوون

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاریی دا کە، سەرانی داعش لە مووسل تەواو شڵەژاون و بە هۆیەوە کەوتوونەتە دەستگیرکردنی دەیان ئەمیری ڕێکخراوەکەیان و کەسایەتیی هۆزەکان و خەڵکانێک کە گومانی لێ هەڵگەڕانەوەیان لێ کردوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوشی مووسڵ تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتری دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی پلانی ڕزگارکردنەوەی مووسڵ لە چنگی تیرۆریستان، سەرانی داعش لە ترسی کودەتا بەسەر خیلافەتەکەیان، هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی گرووپەکەی نەقشبەندی و ئەمیرەکانی نێو ڕێکخراوەکە و کەسایەتیی هۆزە عارەبەکانی بەرپا کردووە و هەندێکیانی لێ کوشتوون.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە زانیاریی دا، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەدا لە داعش بەرپای کردووە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی سوپای نەقشبەندی بە ناوی (محەممەد سەعدۆ) دەستگیر کراوە، کە پێشتر بەرپرسێکی دیاری حزبی بەعس بووە لە شێخان. هاوکات چەندان کۆنەئەفسەری بەعسییان گرتوون و زانیارییەکان ئاماژە دەدەن کە هەندێکی ئەوان گولـلەباران کراون.
هەر لەو هەڵمەتی دەستگیرکردنەدا، ٥٠ کەس لە هۆزی (تەی) دەستگیر کراون، دیارترینیشیان کوڕی سەرۆک هۆزەکەیە بە ناوی (سەباح غازی حەنەش)؛ هەروەها کەسێکی دی بە ناوی(عەبدی حەمادی حەنەش) کە پێشتر یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی حزبی بەعس بووە. (مەحموود ئەلشێخ)ـیش یەکێکی دی لە دەستگیراوەکانە کە پێشتر بەرسێکی بەعس بووە لە تلکێف.
سەرچاوەکە هەروەها گوتی، بە هۆی ترسیان لە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە ڕێکخراوەکەیان، سەرانی داعش لەو شارەدا، ٦٢ ئەمیریان دەستگیر کردوون، گوایە دەستیان لە پیلانی کودەتادا هەبووە.




