ئەنجوومەنی نوێنەران لێپێچینەوە لە وەزیری بەرگری دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا لێپێچینەوە لە وەزیری بەرگریی عێراق دەكرێت و، ژمارەیەك پڕۆژەیاسایش خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت.
(د.ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و، لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا هاتووە كە سەرەتا دەنگدان دەبێت بۆ دوو پڕۆژەیاسا و دواتریش وەزیری بەرگریی عێراق ئامادە دەبێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها لەبارەی ژمارەیەك بابەتیشەوە پێدەچێت دەنگ بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێیان یاخود دووبارە پێدانی متمانە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بدرێت."
(جاف) گوتیشی: "هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆدا میوانداریی ئەو لیژنە یە دەكرێت كە توانی ئەهوارەكانی عێراق بخاتە سەر كولتووری جیهانی و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ دوو پڕۆژەیاسا و ڕاپۆرت دەكرێت، جگە لەوەیش گفتوگۆ لەبارەی سێ پڕۆژەیاسای تر دەكرێت و بابەتی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەم دواییەی قەزای خورماتووش گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت."
نەشوان بەرزنجی




