زۆرتر كوردانی شه‌به‌كن.. زیاتر له 35خێزان خۆیان گه‌یاندووه‌ته سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌جه‌نگی باشیك ده‌ڵێت، خه‌ڵكی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا له هه‌ڵاتن له‌ژێر ڕكێفی داعش به‌رده‌وامن و، ته‌نیا له‌م ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له 35 خێزان كه زۆربه‌یان كوردانی شه‌به‌ك بوون، خۆیان گه‌یاندووه‌ته سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له چیای باشیك.
(نه‌جم عه‌بدوڵا قادۆ) جێگری به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌جه‌نگی باشیك به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دێموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "تیرۆریستانی داعش به‌هۆی به‌رده‌وامیی ڕاكردنیان له شاره‌كه، له‌ئێستادا له‌نێو بازاڕ و كوچه كۆڵانه‌كان ژماره‌یان كه‌م بووه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه خه‌ڵكیان له كۆنترۆڵ ده‌رچووه و ڕۆژانه به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی مووسڵ به كورد و عه‌ره‌به‌وه خۆیان له چنگی داعش ڕزگار ده‌كه‌ن.''
(نه‌جم عه‌بدوڵا) گوتیشی: "هه‌ر دوێنێ و ئه‌مڕۆ، زیاتر له 35خێزان كه ژماره‌یان له سه‌رووی 100كه‌سه‌وه ده‌بێت، له ناوه‌ند و سنووری شاری مووسڵه‌وه له‌ژێرده‌ستی داعش توانیویانه خۆیان ڕزگار بكه‌ن و بگه‌نه سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له چیای باشیك.''
ئه‌و ده‌ڵێ: "له‌و چه‌ندان خێزانه‌ی كه دوێنی و ئه‌مڕۆ ڕزگاریان بووه، زۆربه‌یان كوردی شه‌به‌ك و به‌شێكیانیش عه‌ره‌ب بوونه.''
هه‌ژار مه‌موزینی




