٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش بەنیازە پردی گەیارە بتەقێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئۆپەڕاسیۆنی سوپای عێراق لە دەوروبەری مووسڵ وەستاوە و، فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش ئەوەی ئاشكرا كرد، چەند گوندی رۆژئاوای مەخموور ماون و كۆنتڕۆڵ نەكراون. هەروەها ئاماژەی دا، داعش بەنیازە پردی گەیارە بتەقێنێتەوە و هاتوچۆی پارێزگای نەینەوا لەگەل مەخموور نەهێڵێت.

لیوا (ئەرسەلان مام وسوو)، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئۆپەڕاسیۆنی سوپای عێراق لە رۆژئاوای قەزای مەخموور زۆر لەسەرخۆ بەڕێوە دەچێت. رۆژ هەیە پێشڕەوی نییە و هەندێك جاریش زۆر بە زەحمەت تا گوندێكیان پێ كۆنتڕۆڵ دەكرێت، هێشتا چەندان گوندی سنوورەكە ماون و تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراونەتەوە، چەند رۆژێكیشە سوپا لە نزیك گەیارە لەنگەری گرتووە و پێشڕەوی ناكات".

(مام وسوو) گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش پیلانی ئەوەیان هەیە پردی گەیارە بتەقێننەوە، پردەكە هەردوو ناوچەی پارێزگای نەینەوا بە پارێزگای كەركووك و قەزای مەخموورەوە دەبەستێتەوە، چەند رۆژێكە داعش سەرقاڵی ئەوەن چۆن بتوان لە رێگەی چەكدارە خۆكوژەكانیانەوە پردی گەیارە بتەقێننەوە و بیڕوخێنن، پردی گەیارە ستراتیژییە و لەلایەن هاوپەمانانەوە دروست كراوە بە هۆی رووخاندنی، زیانی زۆر بە ناوچەكە  دەگەیەنێ".
لەبارەی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لەناوچەكەدا، دەڵێ: "هێزی پێشمەرگە لە سنووری دەوروبەری مووسڵ هیچ پەیوەندی بە پلانی سەربازیی سوپای عێراقەوە نییە، بەڵام ئەگەر سوپا بەرەو ناو مووسڵ پێشڕەوی بكات، ئەوا پێشمەرگەیش پێشڕەوی دەكات و بەشێكی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ هێزی پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشمان نەبووە لەگەڵ سوپادا".

لای خۆیەوە، عەمید روكن (حەماد دزەیی) فەرماندەی لیوای 91ـی سوپای عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "راستە چەند رۆژێكە پێشڕەویی سوپا لە دەوروبەری ناحیەی گەیارە وەستاوە و سوپا پێشڕەوی نەبووە، هیچ رۆژێكی دیاریكراویش نییە بۆ ئەوەی دەست بە پێشڕەوییەكانمان بكەین، رەوشی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی ئارامە و شەڕ و ئاڵۆزی نەماوە".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار