ئەردۆغان: داموده‌زگاكانمان له پێكهاته پیس و تیرۆریستەکان پاك ده‌كه‌ینه‌وه

هەولێر-KDP.info- له دیمانه‌یه‌كیدا لەگەڵ كه‌ناڵی فرانس 24ـدا، سه‌ركۆماری توركیا (ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان) له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دوای هه‌وڵی كوده‌تا کە تا كه‌ی به‌رده‌وامیان ده‌بێت، رایگه‌یاند، کە ناتوانێت له‌وباره‌وه وادەیەک دیاری بكات.
(ئه‌ردۆغان) گوتی: "پێویسته ئه‌وه ببینین، ئێستا دانیشتووانی توركیا 79 ملیۆن کەسن، داموده‌زگاكانمان و 79 ملیۆن دانیشتووانمان له‌و پێكهاته پیس و پێكهاته تیرۆریستییه پاك ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌توانین پاكی بكه‌ینه‌وه، زۆر به سه‌ختی باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ین."
لەو دیدارەیەدا سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی "ئێمه له 34 بۆ 35 ساڵدا، به‌داخه‌وه له شه‌ڕی رێكخراوی تیرۆریستی‌دا نزیكه‌ی 40 هه‌زار شه‌هیدمان داوه. له‌ئێستادا ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ش به‌رده‌وامن و دۆخێكی له‌م جۆره‌یش هاتووه‌ته ئاراوه. ئێستایش ئه‌مانه 40 ساڵه له حكوومه‌تدا ره‌گ داده‌كوتن. ئێمه پێویسته ئه‌م ره‌گداكوتانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌مانه وه‌ك ڤایرۆسێكی شێرپه‌نجه جێی خۆیان كردووه‌ته‌وه. ئێمه پێویسته ئه‌مه به ئاسایی‌ترین شێوه دامەزراوەکان لەوان بنكۆ‌ڵ بكه‌ین تا حكوومه‌ت جارێكی‌تر دووچاری كێشه‌ی له‌م جۆره نه‌بێته‌وه. له هێزه چه‌كداره‌كانمان، ده‌زگای ئاسایشمان و وه‌زاره‌ته جۆراوجۆره‌كانماندا هه‌ن. ته‌نانه‌ت له كه‌رتی تایبه‌تیشدا هه‌ن و هه‌مووی نیگه‌رانن و سكاڵایان هه‌یه."
(ئەردۆغان) دەڵێ "به‌م بڕیاری باری نائاساییه‌ی کە ده‌رمانكردووه و به‌و بڕیارنامانه‌ی كه وه‌ك یاسا كاریان پێده‌كرێت، له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیدا ده‌بین".
تا ئێستا حکوومەتی تورکیا، لەو هه‌وڵی كوده‌تایەی کە شکستی برد، رێكخراوی (فه‌تحوڵڵا گولەن)ـی تۆمەتبار کردووە و، بە هەزاران ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیشی لە کەرتە گشتی و تایبەتەکان دوور خستووەتەوە. بە فەرمییش داوای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە، سەرۆکی ڕێکخراوەکە(فه‌تحوڵڵا گولەن) کە لە پەنسلڤانیا نیشتەجێیە، ڕادەست بکاتەوە.




