کۆنسووڵخانەی تورکیا ئامار و بەیاننامەی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانەکەیانی ڕاگەیاند

تورکیا ـKDP.infoـ کۆنسووڵی تورکیا لە هەولێر بەیاننامەی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیای دربارەی کودەتاکەی ئەو وڵااتە ڕاگەیاند و، ئاماری زیانەکان و کودەتاچییە دەستگیرکراوەکان و کوژراو و بریندارانی بەڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
پەرلەمانی تورکیا کە نوێنەرایەتیی ئەو گەلە قارەمانە دەکان لە ژێر بۆمب و گوللەیشدا هەر بەردەوام بوو لە بەجێھێنانی بەپرسیارەتییەکانی؛ سەلماندیەوە کە پەرلەمان بێباکانە نوێنەرایەتیی گەلەکەی دەکات، پەرلەمان جەنگی ڕزگاریی کردووە؛ سیستمی دیموکراسیی پەرلەمانی فراوانتر کردووە، ئەم پەرلەمانە گەلی لە برسێتی و نەبوونی بۆ ئاستی مەدەنێتی بەرز کردووەتەوە، پەرلەمان بە یەک دەنگ و یەک گیان دژی کودەتا وەستایەوە.
نیشاندانی ھەڵوێستی پێداگری پەرلەمانی تورکیا دژ بە ھەوڵی کودەتا گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لە جێگرکردنی زیاتری دیموکراسی تورکیا، وەک ئیمڕۆ و لەمەولایش گەلەکەمان ئیرادەی ئاسنینی پەرلەمان دژ بە دەستی گێرەشێوین دەوەستێتەوە و بەرەنگاری دەبێتەوە.
دەربڕینی یەک ھەڵوێستی و یەک زمانی دژ بەو ھەوڵە لەلایەن سەرجەم پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان مێژوییە، دەچێتە مێژووەوە، یەکھەڵوێستی و یەکدەنگی ئیرادەی نەتەوەیی بەھێزتر دەکات، پەرلەمانی تورکیا بە ھێزەوە بەردەوامە لە کارەکانی، پەرلەمانی تورکیا کە نوێنەرایەتی گەلەکەی دەکات بە تووندترین شێوە لە چوارچێوەی یاسا و دادگا سزای ھەوڵی کودەتاچییان دەدات، ئەم بەیاننامەیەش گەواھی دەدات کە چیدیکە ھیچ شتێک لە تورکیا وەک جاران نامێنێتەوە.
چوار پارتی سیاسی پەرلەمان ھەرچەندە بۆچوونمان یەک نەبێت، بەڵام خاوەنی یەک ئیرادەی نەتەوەیین و خاوەندارێتی وڵاتین بۆ ھەتاھەتایە، گەلەکەمان ئاسوودە بێت، گەلەکەمان و پەرلەمانتارانمان ڕێگایان بە کەوتنی ئیرادەی گەل لە پەرلەمان نەداوە و ڕێگەش نادات، جارێکی دیکە سەرکۆنەی ھێرش بۆ سەر پەرلەمان و گەل و دیموکراسی دەکەین.
لێرەوە بانگەواز دەکەین بۆ خۆ بەدوورگرتن لە چالاکی توندڕەوی تا نەبێتە ھۆی بەزاندنی سنووری دیموکراسی. ڕەحمەت لە گیانی شەھیدانمان؛ ھیوای دەخوازین بریندارەکانمان زوو چاک ببنەوە. سڵاو بۆ سەرجەم وڵاتانی دۆست و برا دەنێرین کە لەو کاتەدا پەیامی پشتیوانییان بۆ گەل و وڵاتەکەمان نارد.
واژووی پارتە سیاسیەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا:
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ ئیسماعیل قارەمان
سەرۆکی گروپی پارتی دادوگەشەپێدان؛ بیناڵی یڵدرم
سەرۆکی گروپی پارتی گەلی کۆماری؛ کەمال کلیچدارئۆغڵوو
سەرۆکی گروپی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی
سەرۆکی گروپی پارتی دیموکراتی گەلان؛ ئیدریس باڵوکەن
زیانەکانی ھەوڵی کودەتا لە شەوی 15ـی تەمووزی 2016دا:
ـ ژمارەی شەھیدەکانمان: 208 شەهید؛ 60 پۆلیس، 3 سەرباز، 145 سیڤیل. ھەروەھا 1491 کەسیش بریندار بوون.
ـ 7543 کەس بە گومانی کودەتا دەستگیر کران، (زانیاریی دەستگیرکراوان بەردەوام لە گۆڕاندایە). لە نێو ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون 100یان کارمەندی ھێزەکانی پۆلیسن، 6038 کارمەند سەر بە ھێزی سوپای تورکیا، 755 حاکم و داواکاری گشتی، 650 کەسیشیان مەدەنین.
لەنێو گومانلێکراواندا 218 کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون.
ـ 24 کودەتاچی گیانیان لەدەست داوە و، 50 کەسیشیان بە برینداری دەستگیر کران.
ـ ڕووبەرووبوونەوە و پووچەڵکردنەوەی کودەتاچییەکان لە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی حکوومەت دوای 15ی تەمووزی 2016ەوە خێراییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ـ ئەنجوومەنی گەورەی دادوەرانی تورکیا بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتی 5 دادوەری دا. ھەروەھا 2745 حاکم و دادوەر لە کار دەرکران.
ـ 8777 کارمەندی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە کارمەندانی ئاسایشیشیان تێدایە لە کار دەرکران؛ لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامە.
ئەم ڕووداوە ھەوڵی کودەتایە دژ بە حکوومەتی ھەڵبژیردراوی تورکیا، گەلەکەمان بە یەکگرتوویی لە دژیان وەستاوەتەوە، سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانمان بەردەوامن لە ئەرکەکەیان؛ لەم ڕووداوەدا ھێزی سوپا هەرهەموویان بەشدارییان نەکردووە، ئەمە تەنیا چالاکیی گرووپێکی نێو ھێزی سوپای تورکیایە؛ دیارە گەل وڵامی پێویستی داوەتەوە.




