ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەبارەی ئاڵۆزیی ئەمنییەوە دەكات

بەغدا-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ، پەرلەمانتارانی كورد گەڕانەوە شاری بەغدا و بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەكەن، نوێنەرێكی كوردیش دەڵێ، هیچ وەزیر و بەرپرسێكی ئەمنی بانگهێشتی كۆبوونەوەكە نەكراوە كە پێشتر باسی لێوە دەكرا.
دكتۆر (عەرەفات كەرەم)، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرجەم پەرلەمانتارانی كورد ئەمڕۆ گەییشتوونەتە شاری بەغدا و بڕیارە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ دەست بە كۆمبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت و، ئێمەیش بەشدار دەبین لەو كۆبوونەوەیەدا و رەوشی ئەمنییش تا رادەیەك ئارامیی پێوە دیارە بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە".
(كەرەم) گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی تەقینەوەكانی رۆژانی رابردووی بەغدا و رەوشی ئەمنیی شارەكە دەكرێت، بەڵام هیچ وەزیر و بەرپرسێكی ئەمنی نایەتە بەردەم پەرلەمان، هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیشدا خوێندنەوە بۆ ژمارەیەك یاسا دەكرێت كە پێشتر ئامادەكارییان بۆ كراوە".
قائید میرۆ




