٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پۆڵۆنیا بڕیاری دا بە ناردنی هێز، دژی داعش بوەستێ

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا-KDP.info- لە نیوەی دووەمی مانگی حوزەیراندا سەرۆكۆماری پۆڵۆنیا ئاندژێی دودا Andrzej Duda لە سەر داوای سەرۆكوەزیران خاتوو بێئاتا شیدلۆ Beata Szydło، بڕیاری ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش واژوو کرد.

بەو مەبەستە هێزە سەربازییەکانی سوپای پۆڵۆنیا دوو گروپ هێزی تایبەت و فڕۆکەی جەنگی دەنێرن. گروپی یەکەم ژمارەیان ٦٠ سەرباز دەبێت و لە عێراق جێگیر دەکرێن، کاریان بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و ڕاهێنان، بەبێ بەشداری لە جەنگی ڕاستەوخۆدا، تەنها لە ئەگەری گەڕانی تایبەت بە دوای تیرۆریستان یاخود ڕزگارکردن نەبێت. هێزەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن لە چوارچێوەی پێکهاتەی سەربازی هاوپەیمانان لە بەغدا. گرنگترین ئەرکەکانی سوپای پۆڵۆنیا بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و ڕاهێنانی ستاف و هێزە تایبەتەکانی عێراق. گروپی دووەمی هێزەکان لە وڵاتی کوێت جێگیر دەکرێن کە لە چوار فڕۆکەی ئێف١٦ و ١٥٠ سەرباز پێك دێن.

هێزەکانی پۆڵۆنیا لە ماوەی نێوان ٢٠ی حوزەیران تاکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لەکاردا دەبن. شێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەکەوێتە ژێر فەرمانی ناوەندی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو دوو گروپەی هێزەکانی پۆڵۆنیا ٥٢ملیۆن زلۆتییە کە دەکاتە زیاتر لە ١٣ملیۆن دۆلار، کە ٣٠ملیۆن زلۆتی بۆ هێزەکانیان لە کوێت و ٢٢ ملیۆن زلۆتیش بۆ هێزەکان لە عێراق تەرخان دەکرێت. ٢٠ی حوزەیران یەکەم کاروانی هێزەکان کە لە ٢٩ سەرباز پێكهات بوون گەیشتنە فڕۆکەخانەی جابر لە کوێت، ٥ی تەمووز بەشی سەرەکی هێزەکان لەگەڵ فڕۆکەجەنگی ئێف١٦ دەگەنە شوێنی مەبەست.

تا ئێستا پۆڵۆنیا بە شێوەی سیاسی و مرۆیی و لۆجیستیک پشتیوانی هاوپەیمانی جیهانی کردووە لە دژی داعش، بەڵام هەروەك جێگری وەزیر تۆماش شایکۆڤسکی ئاماژەی دا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا داوایان لە وڵاتی پۆڵۆنیا کردووە بەشدارییەکی فراوانتر بکات لە ڕێگای ڕاهێنان و سەرپەرشتیاری.

هەواڵی پەیوەندیدار