٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حەشدی شەعبی 60 بەندكراویان كۆمەڵكوژ كردووە

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرای كرد، حەشدی شەعبی  نزیكەی (60) كەسی بەندكراویان لە زیندانی ئامرلی گوللەباران كردووە كە سەرجەمیان سوننە مەزهەبن و بەهۆی سووننەبوونیانەوە كۆمەڵكوژ كراون.

 (ئەحمەد عەزیز شێخ لەنگەری) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: " لە 17ی ئەم مانگەدا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی رۆژئاوای ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای خورماتوو و شەڕ لە نێوان ئەوان و هێزەكانی حەشدی شەعبی رووی دا، كە بەهۆیەوە فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی خورماتوو و فەرماندەی دیاری حەشدی شەعبی عەقید مستەفا حەسەن و ئەفسەرێكی دیكە و چەندین چەكداری تری حەشدی شەعبی كوژران.

بۆ تۆڵەسەندنەوە لەبەرانبەر  ئەو هێرش و پەلامارەی داعش، بۆ شەوی پاشان چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ئامرلی نزیكەی (60) كەسی بەندكراویان لە زیندانی ئامرلی گوللەباران كردووە كە سەرجەمیان سوننە مەزهەبن و بەهۆی سووننەبوونیانەوە كۆمەڵكوژ كراون."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: "هەندێكیان تەرمەكانیان گەیشتۆتە دەستی خاوەنەكانیان و باقییەكەی تر لە دۆڵێکدا تەرمەكانیان فڕێ دراوە. من ناوی نزیكەی 10 لەو بەندكراوانەم لایە و كەسوكاریشیان ناوێرن بچن سۆراخی تەرمەكانیشیان بكەن."

 (د.ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی راگەیاندین: "ئێمە وەك و لیژنەی مافی مرۆڤ لەم بابەتە ئاگادار كراوینەتەوە و زانیاریمان پێدراوە. ئێمە وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەركی خۆمان هەڵدەسین و بە زوترین كات بەدواداچوون لەسەر ئەم كەیسە دەكەین . نوێنەری خۆمان رەوانەی ناوچەكە دەكەین و راپۆرتی خۆمان بەرز دەكەینەوە."

جەختیشی كردەوە: "ئەگەر تاوانێكی وا رویدابێت ئێمە لەدژی دەوەستینەوە و داوای دادگایی كردن و سزادانی بكەرانی تاوانەكە دەكەین."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار