٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"شەفافیەت لە داهاتی عێراقدا نییە.. لە سێ ساڵدا، 26 ملیار دۆلاری خەرج كردووە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، عێراق 26 ملیار  دۆلارى لە یەدەگی بانكی ناوەندی خەرج كردووە و، لەبارەی نەدانی بەشی هەرێمیش لەو یەدەگە، بە نووسراو داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە.

(نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2015 و 2016ـدا، زیاتر لە 16 ترلیۆن دیناری عێراقییان لە یەدەگی عێراق بە سەنەداتی خەزێنە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و خەرجیی گشتی تەرخان كردووە، چونكە ئەوانیش لە قەیرانی داراییدان".

(نةجیب) لەبارەی بەشی هەرێمی كوردستانیشەوە گوتی: "لە مانگی 10ـی 2014ـدا، بەڕێوەبەر‌ی گشتیی بانكی ناوەندیی عێراقمان لە لیژنەكەمان میوانداری كرد، لەبارەی عێراقەوە كە چەند یەدەگی هەیە؟ لەسەر زاری (عەلی حەلاق) هەر چەندە ژمارەی دروست لای خۆیانە، گوتی كە یەدەگی عێراق 77 ملیار دۆلارە، كە لەوانەیە زیاتریش بێت، ئەمە لە ساڵی 2014ـدا".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئێستا یەدەگی عێراق 51 ملیار دۆلار ماوە، كەواتە 26 ملیار دۆلار لەو یەدەگە خەرج كراوە كە پێدەچێت زیاتر بێت، بەڵام ئەم ژمارانە لە بانكی ناوەندییەوە پێمان دراون كە شەفافیەت لە گشت داتاكانی داهاتی عێراقدا نییە كە لەو 26 ملیار دۆلارە، 16 تا 17 ترلیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ خەرجیی گشتی و 6 ترلیۆن و نیو تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خانووبەرە و پرۆژەی بچووك".

دەشڵێت: "جگە لە خەرجكردنی یەدەگەكە، عێراق 2 ملیار دۆلاری لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و گرووپی بانكی نێودەوڵەتییش وەرگرتووە لە ساڵی 2015ـدا، بۆیە وەكو پەرلەمانتارێكی كورد لە مانگی 3ـی ئەمساڵەوە پرسیارێكم بە نووسراو ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و تێدا پێم گوتووە بۆ پشكی هەرێمی كوردستانتان لە سەنەداتی خەزێنە نەداوە، چونكە یەدەگی عێراق، یەدەگی هەمووانە و چۆن عێراق لە قەیرانی داراییدایە، بە هەمان شێوە هەرێمی كوردستانیش لە قەیرانی داراییدایە، هەروەها ئەو قەرزە نێودەوڵەتیانەی وەرگیراون، بۆچی بەشی هەرێمی لێ نادەن، لە وەڵامدا سەرۆكوەزیران لە رێگەی نوسینگەكەیەوە گوتی كە چاوەڕێن لە دانیشتنێكی پەرلەماندا ئامادە بن لەسەر پرسیارەكەم".

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار