٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئاوارەکانی مووسڵ وەک شوێنێکی پڕ لە ئاسایش ڕوو لە هەرێم دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەتی لەندەن) لە ترسی چەکدارانی داعش و فڕۆکە جەنگییەکان، ڕۆژانە خەڵک لە باشووری مووسڵەوە خۆیان دەگەیێننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لەلایەن کوردەکانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەکاتی گەیشتنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەڵاتوو، هاوکارییان دەکەن و ئاو و پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین دەکەن، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکانی تایبەت بە پەنابەران.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە هاووڵاتییە هەڵاتووەکانی دانیشتووی شارەدێی (حاجعەلی) دەڵێت: "فڕۆکەکان خانووی ئێمەیان کردە ئامانج و وێرانیان کرد کە دوای دەرکردنمان، لەلایەن داعشەوە کرابوو بە بارەگای سەربازی. ئێستا ئێمە هەڵاتووین و کاتێک نزیکی بنکەکانی پێشمەرگە بووین، بە ئالای سپییەوە خۆمان رادەست کردووە، داوا لە دەوڵەتان دەکەین بەتایبەت سعودیە کە هاوکاریمان بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی داراییدایە و خەڵکێکی زۆر وەک ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کردووە".

لەلایەکی دیکەوە، هاوولاتییەک بەناوی (حیسام ئەحمەد) باس لەوە دەکات کە "دوای دەرکردنمان لەلایەن داعشەوە، ڕوومان لە هەرێمی کوردستان کرد، خۆشبەختانە لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکەوە پێشوازی لێکراین و پێداویستییەکانی وەک خۆراک و جلوبەرگیان بۆ دابین کردین".

شایانی باسە سەرەڕای قەیرانی ئابووریی هەرێم، ڕۆژانە ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بەم هۆیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە لە ڕووی کاروباری پەنابەرانەوە هاوکارییان بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار