٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"مالکی سەرکردایەتیی ڕەوتێک دەکات لە دژی سەدر"

سەرچاوە: KDP.info
 
ئاژانسەکان-KDP.info-  بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، نووری مالکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکدایە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە هەنگاوەکانی مقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر، بەتایبەت لە بابەتی دەستگرتنی لایەنگرانی سەدر بەسەر بارەگای حزبە عیراقییەکاندا.

ماوەی چەند مانگێکە مقتەدا سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات شۆڕشی جەماوەری دژی حکوومەت بەرپا بکەن و ناچاری بکەن چاکسازی بکا، لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکاندا لایەنگرانی سەدر ماوەیەک بارەگای پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانیان دابڕ کرد، بەم دواییانەش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چەندین هێرش بۆ سەر بارەگای حزبەکان ئەنجام دران.

سەرچاوەکەی حزبی دەعوە ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا بەرپرسانی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە بە سەرکردایەتیی نووری مالکی و عەمار حەکیم و چەند سەرکردەیەکی حەشدی‌شەعبی لە گفتوگۆدان بۆ چۆنیەتیی فشار خستنەسەر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران تا وەک خۆیان دەڵێن "ڕێگە لە دەستدرێژییەکانی لایەنگرانی سەدر بۆ سەر بارەگای حزبەکان و حکوومەت بگرێت".

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە مالکی توانیویەتی قەناعەت بە سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانیی شێعە بێنێت کە مقتەدا سەدر بووەتە مەترسی بۆ سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

شایانی باسە، ڕەوشی ئەمنی و سیاسی و ئابووریی ئێستای عێراق گەلێک ئاڵوزە؛ سەرباری کێشەی گەورەی نیوان سوننە و ئەو حەشدی‌شەعبییە شێعانە، سیاسییە شێعەکان لە ناو خۆیشیاندا گەلێ ناکۆکن.

هەواڵی پەیوەندیدار