لە رقی پارتی بیگێڕنەوە

دڵشاد مستەفا وەسانی
بەداخەوە لە رۆژگارێكدا بەغدا دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا ناشكێت، بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگە رزگاركراون، حزبەكانی كوردستان لە جیاتی ئەوەی بەجدی بێنە مەیدان و كار بۆ گەڕاندنەوەیان بكەن، مەسەلەی گەڕاندنەوە و نەگەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە لە ململانێی حزبیدا بەكاردێنن.
ئاشكرایە حكوومەتی عێراق بەئەنقەست و بە بەرنامە خۆی لە جێبەجێ كردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراقدا بوارد، چونكە دڵنیابوو كە بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە، لە رێی جێبەجێ كردنی ئەو ماددە دەستووریەدا دەگەڕانەوە سەر ئیدارەی هەرێم، بۆیە زۆر بەسستی كاری بۆ ئەو ماددەیە كرد، تا ماوەی دیاریكراوی جێبەجێ كردنی ماددەكە كە كۆتایی 2007 بوو تەواو بوو، دواتر بەغدا ئەوەی بە گوێی كورددا دا كە ماوەكە تەواو بوو، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی چیدی باسی ماددەی 140 ی دەستوور نەكرێت.
ئێستا كە پێشمەرگە هەموو ئەو ناوچانە دەپارێزێت، حزبەكان لە پشت سەنگەری پێشمەرگەوە ململانێیانە، كەركووك وەك رەمزی خاكی داگیركراو، بەدرێژایی مێژوو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی كوردستان قوربانیی بۆ داوە، كەچی ئێستا دەكرێتە قوربانیی حزبەكان، كەركووك دوای هاتنی داعش لە 2014 بەتەواوی كەوتە ژێر دەستی پێشمەرگە، لە جیاتی ئەوەی هەموو هەوڵ و هیمەتێك بۆ ئەوە بێت، بگێڕدرێتەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كار بۆ ئەوە دەكرێت بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ كە لەم بارودۆخەدا بۆ بەغدا شانسێكی گەورەیە، چونكە بۆ بەغدا و عەرەبی سوننە و بەرەی توركمانیش، كەركووك هەرێمی سەربەخۆبێت باشترە نەك بگەڕێتەوە هەرێم.
لە نێو ئەو ململانێ گەرمەی حزبەكان، هەیە دەڵێ خەتای پارتییە كەركووك ناگەڕێتەوە سەر هەرێم، لە كاتێكدا ئەوەی بە ئاشكرا بیرۆكەی بە هەرێمبوونی كەركووك دەخاتەڕوو و كاری بۆ دەكات، پارێزگاری كەركووكە كە لە هەمان كاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە.
دەڵێن بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێم پارتی زەرەر دەكات، چونكە دەنگدەری لایەنەكان بە تایبەتی یەكێتی و گۆڕان لە ئاستی هەرێم زیاتر دەبێت، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە، پارتی پێی خۆشە و كاریشی بۆ دەكات، كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دی بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پێچەوانەوە دیارە كێ كار بۆ بەهەرێمكردنی ئەو پارێزگایە دەكات، پرسیار ئەوەیە مادام پارتی حەزناكات كەركووك بگەڕێتەوە، بۆ لە رقی پارتی نایگەڕێننەوە؟




