ئەسەد: هیچ شتێك لەسەر دەستووری نوێی سووریا ڕاست نییە

دیمەشق-KDP.info- (بەشار ئەسەد) سەرۆكی سووریا، كە ماوەی پێنج ساڵە وڵاتەكەی لە ناوخۆ و جیهاندا لە شەڕ و ململانێدایە، ڕایگەیاند، ئەوەی كە لە میدیاكاندا لەبارەی دەستووری نوێی سووریاوە دەگوترێت، ڕاست نییە.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، گوایە ڕووسیا كە تا ئێستایش پشتیوانی ڕژێمی (ئەسەد)ـە، ڕەشنووسی دەستوورێكی نوێی بۆ سووریا ئامادە كردووە، كە تێیدا وشەی عەرەب لە كۆمارەكەدا هەڵگیراوە و حكوومەت نامەركەزی دەبێ و چەندین ئیمتیازات بە گرووپە ناڕازییەكان دراوە، بەڵام (ئەسەد) لە ڕوونكردنەوەیەكدا لە لاپەڕەی سەرۆكایەتیی سووریا لەسەر فەیسبووك ڕایگەیاند: "ئەمانە ڕاست نین و قسەی هەڵبەستراوی میدیاكانن، دەستوور بۆ سووریا لە ناوەوە ئامادە دەكرێ نەك لە دەرەوە".
میدیاكان ڕایانگەیاندبوو كە ڕووسیا كۆپیی ئەم ڕەشنووسەی داوەتە ئەمەریكایش بۆ پرسینی ڕای واشنتن.
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوودا بڕیارێكی دەركرد بۆ دامەزراندنی سووریایەكی نوێ، كە دەستووری نوێی هەبێ و نابێ ئەم دەستوورە لە 1ـی ئابی ئەمساڵ زیاتر دوا بكەوێت.




