٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تا ساڵی دابێ عێراق ١٠ملیار دۆلار قەرزدار دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی دەکات ساڵی دابێ قەرزەکانی سەر عێراق بگاتە دەملیار دۆلار.

بەپێی لێدوانێکی عەلی عەلاق سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ تەلەڤیزیۆنی بلومبێرگی ئەمریکا "ساڵی دابێتەوە، قەرزەکانی عێراق لە سندووقە نێودەوڵەتانییەکەی دراو، دەگاتە دەملیار دۆلار". عەلاق هەروەها پێشبینیی کردووە ئەمساڵ بڕی دەملیار دۆلار قەرز لە سندووقە نێودەوڵەتانییەکەی دراو و بانکی جیهانی وەربگرن، سەرەڕای وەگرتنی ٥ملیار دۆلاری دیکە لە کۆمەڵەی حەفت وڵاتە زلهێزەکە. بڕیارە لەم حەفتەیەدا حکوومەتی عێراق و سندووقە نێودەوڵەتانییەکەی دراو بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی شێوازی پێدانی قەرزەکە بە عێراق.

لە پێرارەوە ئەولاتریش حکوومەتی عێراق بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە کە دەکاتە ١٧٪ لە کۆی گشتیی بودجەی عێراق؛ ئەوەش خراپ کاری کردووەتە سەر ڕەوشی ئابووریی هەرێم. ئێستا هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکی دیاری بکرێت لەو قەرزانەی کە لەلایەن بانکە جیهانییەکانەوە بە عێراق دەدرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە شەڕێکی دژواردایە لەگەڵ داعش و ئاوارەیەکی زۆری خۆیی و بێگانەیش پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

 نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا و ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وای بە ناوەندی هەواڵی ئازاد ڕاگەیاند: "عێراق قەرزێکی ١٥ملیاری وەردەگرێت و، دەبێ بە سێ ساڵ، بە سووەکەیەوە بیداتەوە."

دەربارەی پشکی هەرێمی کوردستانیش، نەجیب گوتی: "ئێمە بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کردووە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات لەسەر هۆکاری پێنەدانی پشکی هەرێم لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان." ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێی وایە هەر لەبەر سیاسەتبازییە کە بەشی هەرێم نادەن؛ جا بۆیە نابێت هەرێمی کوردستان دەستبەرداری ئەو مافەی ببێت و پێویستە بەهەر شێوازێك بووبێت مافی خۆی وەربگرێتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار