حكوومەتی هەرێم: کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کردار هەڵوێستی لەدژ ئەو ستەمە گەورەیەی سایکس پیکۆ هەبێ

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رایگەیاندراوێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەدساڵ بەسەر رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا دوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە بە کردار وەڵامی ئەم هەڵوێستە مێژووییەی گەلی کوردستان و ئەو غەدرە گەورەیەی سایکس-پیکۆ بداتەوە و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان قەرەبووی ئەم گەلە ستەمدیدە و ئاشتیخوازە بكەنەوە و ڕێز لە خواست و ئیرادەیان بگرن.
دەقی پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ سەد ساڵ بەسەر ڕێکكەوتنی سایکس – پیکۆدا تێدەپەڕێت کە تێیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ خواست و ئیرادەی بەشێک لە گەل و پێکهاتەکانی ئەم ناوچەیە، مافەکانیانی تێدا پێشێلکرا، بە تایبەت گەلی کوردستان غەدرێکی مێژوویی گەورەی لێکرا و بە گەل و خاکەوە پارچە پارچە و دابەشکرا کە ئاکامەکەی سەدەیەک لە کارەسات و پرۆسەی کاولکاریی خاک و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و جینۆسایدکردنی ئەم گەلە ئاشتیخوازە بووە.
ئەمڕۆ لەکاتێکدا گەلی کوردستان لەبەرەی پێشەوەی شەڕێکی چارەنووسسازدا کە بەرۆکی سەرجەم جیهانی ئازاد و پێشکەوتووخواز و شارستانیی مرۆڤایەتی گرتووە، بەوپەڕی ئیرادەوە بەرگری لە مانەوە و بوونی خۆی و بەهاکانی مرۆڤایەتی دەکات؛ کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای پێشکەوتووی نێودەوڵەتی بە کردار وەڵامی ئەم هەڵوێستە مێژووییەی گەلی کوردستان و ئەو غەدرە گەورەیەی سایکس- پیکۆ بداتەوە و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان قەرەبووی ئەم گەلە ستەمدیدە و ئاشتیخوازە بكەنەوە و ڕێز لە خواست و ئیرادەیان بگرن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
16/5/2016




