٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەستەمە پەرلەمانی عێراق سبەینێ کۆ ببێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەستەمە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت؛ لەبەر ئەوەی کورد و پەرلەمانتارانی مانگرتوو بەشدار نابن و نیسابی یاسایی تەواو نابێت.

 

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی پەرلەمان سبەینێی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری کردووە، بەڵام ئەستەمە بکرێت؛ لەبەر ئەوەی کورد و پەرلەمانتارانی مانگرتوو بەشداری ناکەن، بۆیە نیساب تەواو نابێت و دانیشتن ناکرێت."

(د. عەرەفات کەرەم) گوتیشی، ئێمە وەکو کورد ھەندێک مەرجمان ھەیە، لەوانە نابێ ڕووداوەکانی ئەو دواییە دووبارە ببێتەوە؛ کوتلەی ئەحرار داوای لێبوردن لە کورد بکات و بەھیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەین بە ھەڕەشە ڕای خۆیانمان لەسەر بسەپێنن؛ ئێمە بە ئارەزووی ئەوان دەنگ نادەین؛ دەبێ سەرۆکوەزیران لیژنەیەک دروست بکات و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە بکات خۆپیشاندەرانیان ھان داوە و ئەوانەیشی کە ھاتبوونە نێو پەرلەمانەوە.

 

گوتیشی، ھاتنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سلێمانی ھیچ سوودێکی نەبوو، لەبەر ئەوەی ئەو کێشەیە لەوە گەورەترە ئا وا بە ئاسانی چارە بکرێت؛ قەیرانە سیاسییەکەی عێراق زۆر ئاڵۆزە و، بەبێ داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسی، چارە ناکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار