هێزێكی ئەمەریكایی رەوانەی بەغدا كراوە

سی ئێن ئێن-KDP.info- دوای ئاڵۆزییەكانی عێراق، ئەمەریكا هێزێكی تایبەتی مارێنز رەوانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەكات بۆ زیاتر پاراستنی باڵیۆزخانەكە لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر باڵیۆزخانەكە و كارمەندان و دییپلۆماتكارانی ئەمەریكایی.
بە گوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریكا، لە دوو رۆژی رابردوودا هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمەریكا كە ژمارەیان 25 كەسە، رەوانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا كراوە، بە مەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەكە لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر باڵیۆزخانەكە.
سی ئێن ئێن ئەوەشی ئاشكرا كردووە: "لەو كاتەوەی خۆپیشاندەرانی بەغدا هەڵیانكوتاوەتە سەر باڵاخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كارمەندان و هێزی تایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە ئامادەباشیدان بۆ هەر هێرشێك كە بكرێتە سەریان".
ئەمە لە كاتێكدایە، 30ـی نیسانی 2016، خۆپێشاندەران لە بەغدا هەڵیانكوتایە سەر باڵاخانەی پەرلەمان و ئیهانە و سوكایەتییان بە ژمارەیەك پەرلەمانتار كرد، دوای ئەوەیش هەوڵیان دا هێرش بكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.




