مەحموود عوسمان: داهاتووی عێراق كاریگەریی خراپی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش دهبێت

هەولێر-KDP.info- (د. مەحموود عوسمان)، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهڵێت، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوو دەدات، فەوزایە، بە تایبەتی ڕووداوەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
(د. مەحموود عوسمان) بۆ ماڵپهرى فهرمیى پارتى دیموكراتى كوردستان دەڵێت: "ئەوەی لە عێراقدا ڕوو دەدات، فەوزایە، بە تایبەتی ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مانای ئەوەیە هیچ شیرازەیەك نییە و كۆنتڕۆڵێكی سیاسی و ئەمنی لەم عێراقەدا بوونی نەماوە، خەڵك بە ئارەزووی خۆی بچێتە پەرلەمان و هێرش بكەنە سەر دامەزراوەكان و گەنج و مێرمنداڵ لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دابنشین، لەولایشەوە خەڵك هەمووی ناڕازییە و خزمەتگوزاری نییە، گەندەڵی زۆرە، گرفتی دیكە و تیرۆر و نایەكسانی هەیە، ئەمانە وادەكات كە فەوزایەكی گەورە لە عێراقدا دروست ببێت".
ئەو سیاسەتمەدارە باوەڕی وایە كە، ململانێی نێوان شیعە و سوننە، بە تایبەتی لە ماوەی رابردوودا كە نەتوانراوە سوننە و بگرە كوردیش رازی بكەن، ئەمە سەرنەكەوتن و شكستە.
(مەحموود عوسمان) گوتیشی: "داهاتووی عێراق خراپە و وای لێ هاتووە دۆخەكە كاریگەریی خراپی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش هەبێت، لە هەمووی مەترسیدارتر، كاریگەری لەسەر شەڕی داعش دەكات، چونكە ئەو فەوزایەی لە عێراقدا هەیە، جگە لە بۆشایی سیاسی، بۆشایی ئەمنییشی زۆر دروست كردووە، لە هەمان كاتدا عێراق داوای پارە و قەرزی نێودەوڵەتی دەكات كە ئەمەیش راستەوخۆ كاریگەری هەیە، چونكە بەو شێوەیە وڵاتان پارە و قەرزیش نادەنە عێراق".
لەبارەی بەجێهێشتنی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە بەغدا، ناوبراو ئەوەی خستە روو كە، كۆنسووڵی وڵاتان دەیانەوێت عێراق بەجێ بهێڵێن و ئامادە نین بەو شێوەیە بمێننەوە، بۆیە ئەوەی ڕووی داوە، لەناوەوە و لە دەرەوەیش كاریگەریی خراپی دەبێت، لەبەر ئەوە دەبێ چارەی دۆخەكە بكرێت كە ئەمەیش ئاسان نییە و، دەبێت دەوڵەتان ئامادەییان تێدا بێت هاوكار بن، ئەگەرنا ئەوانەی حكوومەتی عێراقیان بەدەستەوەیە، ناتوانن دۆخەكە چاك بكەن".
كارزان سەباح هەورامی




