گەرموگوڕیی بەیاننامەكەی پارتی و یەكێتی

ئاریان فەرەج
شەوی پێشووتر سەرۆك بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا هەڵوێستی كوردی بۆ كۆی پێشهاتەكان و رەوشی عێراق و پەرەسەندنە سیاسییەكان خستە ڕوو. رۆژی دواتر پارتی و یەكێتی كۆ بوونەوە، بەرەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە بەیاننامەیەك بوو كە تەواوی قسەكانی سەرۆكی پشتڕاست كردەوە.
پارتی و یەكێتی دواجار بە هەموو جیهان و بە دۆست و دوژمنیان گوت، كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەك ئامانجە، چارەنووسی میللەتەكەمان لە سەرووی هەر ناكۆكی و لێكنەگەیشتنێكی ناوخۆیییە و ئەو ناكۆكیانەش چارەسەر دەبن و نێو ماڵ رێك دەخرێتەوە و با كەس گرەو لەسەر ناتەبایی نێوخۆییی كوردستان نەكات.
ریفراندۆم و چارەی خۆنوسین، مافی بێ ئەملاو ئەولای گەلی كوردستانە و كەس بۆی نییە رێگریمان لێ بكات.
ئیدی یەكێتی و پارتی لە هەمبەر پێشێلی دەستوور، نانبڕینی خەڵكی كوردستان، دزینی مووچە و چەك و تفاقی پێشمەرگە، دژایەتی و گێچەڵ بە كوردستان، دەستی دەستی و خۆدزینەوە لە ماددەی سەد و چل، پێشێلی رێكکەوتنە سیاسییەكان، دروستكردنی كێشەی یەك لە دوا یەك لە بەغداوە بۆ گەلەكەمان، هەڵوێست لە شەڕی شومی مەزهەبی و كۆی مەلەفە سیاسییەكان، یەكدەنگ و یەكباوەڕن.
لەسەرینی ئەمەشەوە هەردولا دوای ددانبەخۆداگرتن و تاقیكردنەوە و گرتنەبەری هەموو دەرەتانەكان و نائومێدبوون لەوەی ئەو عێراقە بێتە وجود كە دوای ڕووخانی سەددام، كورد هەموو هەوڵ و توانای راستگۆیانە و لێبڕاوانەی خۆی بۆ خستە كار، ئیدی خۆ بۆ گەڕێكی یەكلاكەرەوە و راشكاوانە و دوایین قسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا ساز دەدەن.
پارتی و یەكێتی و لەگەڵ باقی هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان (داخوازییەكانی ئێستا)مان دەبەنەوە بەغدا و ئیدی قسەی كۆتایی كورد بە دەنگێكی زوڵاڵ بە هەموو لایەك دەگەیەنن و چیتر دەسخەڕۆیی و بێ جەدوایی و دەستی دەستی و گەمەی عەبەسیانە و ئومێد هەڵچنین لەسەر وڵاتێكی بێ ئایندە و بێ ئومێد یەكلا دەبێتەوە.
خۆشبەختانە دواجار ئەوەی پێویست بوو و بەرژەوەندیی گەل دەیخواست هاتەدی، پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی بەرپرسیار، وا شان دەدەنەوە بەر ئەركی چارەنووسسازی قۆناغە، ئەم پێشهاتە دڵخواز و چاوەڕوانكراوە، تەكانێكی دیكەی بەهێز بە رەوتی پەرەسەندوو و روو لە ئاسۆی گەلەكەمان دەدات .
دووبارە ئەم دوو هێزە مێژووكرد و قاڵبووەوەی خەبات هەموو كێشە لاوەكییەكان وەلاوە دەنێن و، دەبنەوە هەوێنی ئەو یەكڕیزییە نیشتمانی و نەتەوەییەی كە دەرفەتی رەخساو بۆ گەلەكەمان لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا، دەیخوازێ.




