٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەدی حاجی مەحموود: لە بەغدا وەرنەوە و لە كوردستانەوە بۆ سەربەخۆیی یەكدەنگ بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا شتێك نەماوە بەغدا و كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە، هەربۆیە باوەڕی وایە کە، ئێستا باشترین ساتەوەختە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. (محەممەدی حاجی مەحموود) جەختیش دەکاتەوە، "تەنیا بەو هێزی پێشمەرگەی كە ئێستا هەمانە، دەتوانین كوردستان بپارێزین و نەهێڵین هیچ هێزێك هەڕەشە لە كوردستان بكات."


سكرتێری حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەکیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی گوڵاندا بڵاو بووەتەوە ڕایگەیاند، "بە ڕاستی ئێستا بارودۆخەكە ئاڵۆزە و ئەوەی من هەستی پێدەكەم، ئەوەیە كورد لە بەغدا جێگەی نەماوە و، ئێستا شتێك نەماوە بەغدا و كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە، ئەوە بوودجەی كوردستانە بڕاوە و نەماوە، سەبارەت بە پرۆسەی سیاسییش، خۆتان دەزانن ماوەیەك پێش ئێستا جێگری سەرۆكوەزیران و كۆمەڵێك وەزیری كوردیان ناردەوە بۆ كوردستان، چەند رۆژێكیشە ئەو 3 وەزیرە كوردەی لە بەغدا ماون، بە قسەی خۆیان لایان دەبەن و بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای كورد، خەڵكی دیكە لە شوێنیان دادەنێن، هەروەها پێشتریش سوپاسالاری عێراق كە كوردە، لایان بردووە، لە هێزی ئاسمانی، كورد فەرماندە بووە لایان بردووە، بۆیە ئەگەر عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەب بێت، ئەوا دەبێت عێراق وەك نەتەوەی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ كورد بكات، خۆ ئەگەر كوردی لەگەڵدا نەماوە، ئەوا عێراقیش وەك سعوودیەی عەرەبی و یەمەنی عەرەبی و مەغریبی عەرەبی لێ دێت و بوونی نامێنێت."

کورد لە بەغدا پەڕوباڵی کراون
(محەممەدی حاجی مە‌حموود) ئاماژە بەوەی کە هەفتەی رابردوو هەموو پێكهاتەكان كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركۆمار هەبووە، كورد لەو كۆبوونەوەیە بەشدار نەبووە، بە واتای پەڕوباڵکرانی کورد لە بەغدا ناو دەبات و، لەوەیش زیاتر دەڵێ، لە کاتێکدا هیچ بوونێكی نەماوە، كورد خۆی بەغدا بەجێ ناهێڵێت، ئەگەرنا عێراق لەسەر دەستی شیعە و سوننە بووەتە سێ دەوڵەتی جیاواز و پێویستە كورد بەغدا بە جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە.

دەربارەی ئەوەیش کە کورد لە ئەم بارودۆخەدا لە بەغدا یەكهەڵوێستی نیشان داوە، (محەممەدی حاجی مە‌حموود) دەپرسێ، لە دوای چی یەكهەڵوێستن؟ رەنگە یەكهەڵوێست بن لە دوای هەریسەكەدا، مەگەر هیچ لە بەغدا ماوە تا لەسەری یەكهەڵوێست بن؟ ئەگەر لایەنە سیاسییەكان ڕاست دەكەن با لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكهەڵوێست بن، با یەكهەڵویست بن لەسەر شەڕی داعش و هەموویان بەشداریی تێدا بكەن، با یەكهەڵوێست بن لە سەر قۆناخی دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ، با یەكهەڵویست بن لەسەر سەربەخۆییی كوردستان."

خۆیان دەڵێن لە کۆڵمان ببنەوە
سکرتێری زیاتر لەبارەی ئەو یەکهەڵوێستییەوە هەڵوەستە دەکات و دەڵێ، ئایا ئێستا لە بەغدا لەسەر چی یەكهەڵوێستن؟ یەكهەڵوێستن لەسەر 2- 3 وەزیر و 2-3 بریكاری وەزیر، بۆیە ڕای من بەو جۆرەیە كورد كۆ ببێتەوە و بڕیار بدات، هیچ كەسێكی لە بەغدا نەمێنێت. سەرنج بدەن جاران ئەگەر كورد بیگوتایە من لە بەغدا دەكشێمەوە و لە حكوومەت بەشداری ناكەم، بە یەك جار شاندەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و ئێران و بەغدا دەگەیشتنە كوردستان، بەڵام ئێستا خۆیان دەڵێن با كورد بڕوات و لە كۆڵمان بێتەوە.

كات وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، نەیبڕیت، دەتبڕێت
گوتیشی، ئێمە چانسی زۆرمان داوە بە بەغدا و سوودیان لێی وەرنەگرتووە.. ئێستا شیعە و سوننە بە كردەیی عێراقیان كردووەتە سێ دەوڵەت، هەر بۆ نموونە ئەگەر سبەی لە هەولێرەوە بچیت بۆ مووسڵ و لەوێیشەوە بۆ بەغدا، بە واقیعی سێ دەوڵەت دەبینیت. بۆیە دەبێت كورد لەم بارودۆخەدا واقیعییانە بارودۆخە بخوێنێتەوە. دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت كە بە درێژایی مێژوو كاتێك باری سەقامگیری و سیاسیی ناوچەیەك تێك‌چووە، بارودۆخی جیۆگرافیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.. لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەلومەرجێكی زێڕین بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، ئەگەر كورد سوود لەم فرسەتە وەرنەگرێت، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین كە كاتی بەفیڕۆ داوە، كاتیش وەك شمشێرێكی دووسەرە وایە، نەیبڕیت، دەتبڕێت. بۆیە ئێستا باشترین ساتەوەختە بۆ ئەوەی كورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات.

ئەو لەبارەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییشەوە لەسەر ئاستی نێوخۆدا، جەخت دەکاتەوە، هیچ چار نییە دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، بۆ چارەسەری كێشەكانیش ئەركی گەورە لە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە دەبێت ئەم دوو لایەنە بڕیار بدەن و لەسەر هیچ لایەك رانەوەستن و پێكەوە هەموو حزبە سیاسییەكان كۆ بكەنەوە و هەوڵ بدەن بڕیار بۆ چارەسەری كێشەكان بدەن، بۆ ئەوەی ئەم بارودۆخەی هاتووەتە پێشەوە لە دەستی نەدەین.

لەمبارەیەوە هەروەها گوتی، دەبێت بزانین ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە بەڕێوە دەچێت یارییەكی گەورەیە، یارییەكە لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە و ئێران و توركیایە، بۆیە ئەگەر یەكگرتوو نەبین، زەرەرمەندی گەورە كورد دەبێت، هەر بۆ نموونە ئێمە ژمارەیەكی گەورە نین لە بازاڕی نەوت، بەڵام لەبەر ئەوەی سعودیە لە دژی ئێران و سعوودیە نرخی نەوتی شكاندووە، ئێمەش زەرەرێكی گەورەمان كردووە، بۆیە كۆتایی ئەم یارییە سەبارەت بە كوردستانی عێراق لە دوای ئازادكردنی مووسڵ دەست پێدەكات و بۆ كوردستانی سووریا لە دوای ئازادكردنی رەققە دەست پێدەكات. بۆیە دەبێت لە خۆمان بپرسین دوای ئازادكردنی مووسڵ لە كوێی رووداوەكان دەبین؟"

خۆمان یەكگرتوو بین، بڕوا ناكەم كەس بتوانێت بێتە ناومانەوە
پێوەست بە پرسی سەربەخۆییی كوردستان و، دەستتێوەردانی دەرەکی (محەممەدی حاجی مەحموود) گوتی، ئەوە خۆمانین زەوینە خۆش دەكەین، بۆ ئەوەی وڵاتێك بێتە ناوەوە و پێمان بڵێت وا بكەن و وا مەكەن، ئەگەر خۆمان یەكقسە و یەكگرتوو بین، بڕوا ناكەم كەس بتوانێت بێتە ناومانەوە، یان درز و كەلێن لە نێوانماندا دروست بكات.

کارتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەبێ لە دەست میللەتدا بێ
لە باسی دواکۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)ـدا، گوتی، بە تەئكید باسی سەربەخۆییی كوردستان و باسی شتی دیكەش كراوە، بەڵام سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی من پێموایە هەندێك خەڵك و لایەن خۆیان تووشی وەهم كردووە، بۆ نموونە پرسەكە دەخەنە ئەگەر و مەگەرەوە، ئەگەر سەربەخۆییمان راگەیاند، وامان بەسەر دێت، یان ئەگەرچی، پرسیاری من ئەوەیە چیمان بەسەر دێت، قابیلە لەمەی ئێستا خراپترمان بەسەر بێت؟ یان هەندێك لایەن پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان كردووەتە شتێكی زۆر موهیم، دەڵێن وەڵا ئەگەر ریفراندۆم بكەین، ئیتر دنیامان بەسەردا دەڕووخێت، ئەمە لە كاتێكدا یۆنان ریفراندۆمی بۆ ئەوە ئەنجام دا، ئایا لە زۆنی یۆرۆ بمێنێتەوە، یان بێتە دەرەوە، ئەوە بوو دوای ئەوەی یەكێتیی ئەورووپا بۆی دەركەوت ئەگەر یۆنان لە زۆنی یۆرۆ بێتە دەرەوە، نرخی یۆرۆ 4% دەشكێت، بەوەش یەكێتیی ئەورووپا بە ترلیۆنەها یۆرۆ زەرەریان دەكرد، بۆیە 80 ملیار دۆلاریان خستە بانكەكانی یۆنان، یۆنانیش لە زۆنی یۆرۆ مایەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ریفراندۆم بۆ چارەسەكردنی كێشەكانە، بۆیە بۆ ئێستای كورد ریفراندۆم زۆر پێویستە، بەتایبەتی كە شەڕی داعش و چەندین كێشەی دیكەشمان هەیە، دەبێت ئەم پرسە لە دەستی حزبەكان دەربهێنرێت، حزبێك بڵێت ئەگەر ریفراندۆم بكەین و لە بەغدا جیا بینەوە لە برسان دەمرین. نابێت حزبەكان بازرگانی بەم كارتەوە بكەن و دەبێت ئەم كارتە لە دەستی حزبەكان نەمێنێت و میللەت خۆی بڕیاری لەسەر بدات، ئەگەر میللەت بریاری دا لەگەڵ بەغدا بمێنێنەوە، فەرموو هەموومان بڕیار دەدەین لەگەڵ بەغدا بمێنینەوە، ئەگەر میللەت بڕیاری دا سەربەخۆ بێت، ئەو كاتە بڕیارێكی لێ دەدەین، بزانین چی دەكەین.. پێویستە واز لە هەندێك فیكر و بۆچوونی كاڵ و كرچ بهێنن و ئەو هەلومەرجە لەدەست نەدەین و بیر لە میللەتی خۆمان بكەینەوە.

بڕیاری سەربەخۆیی پێوەندی بە پشتگیریی نێودەوڵەتییەوە نییە
ئەو جەختیش دەکاتەوە کە، بڕیاری سەربەخۆیی پێوەندی بە پشتگیریی نێودەوڵەتییەوە نییە، لەبەر ئەوەی هیچ كاتێك دەوڵەتانی جیهان لەسەر سینییەكی زێڕ سەربەخۆیی بۆ هیچ نەتەوەیەك نابەن، بۆیە دەبێت میللەتی كوردستان بڕیار بدات كە سەربەخۆ بێت. بۆیە كاتێك گەلی كوردستان بڕیاری دا هەموو شتێك دەگۆڕێت. هەر بۆ نموونە ئێستا وڵاتێك دەیەوێت نەوتت لێ بكڕێت، بەڵام بەغدا دەڵێت نابێت و دەبێت لە رێگەی منەوە بێت، وڵاتێك دەڵێت چەك دەدەم بە كوردستان، بەغدا دەڵێت نابێت، دەبێت لە رێگەی منەوە بێت، بەڵام كاتێك بڕیاری سەربەخۆییمان دا، لەوانەیە لە قۆناخی یەكەم هەندێك ئاستەنگ دروست ببن، بەڵام دوای ئەوە وردە وردە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، زۆر لە دەوڵەتانی جیهان كە سەربەخۆیییان راگەیاندووە، سەرەتا هیچ وڵاتێك پشتگیری لێ نەكردووە، بەڵام كە خۆت شت بوویت، ئەوانیش پشتیوانیت دەكەن. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێمە هێزی پێشمەرگەمان نەبوایە كە شەڕی داعشی بكردایە، ئایا چ وڵاتێك چەكی بە كورد دەدا؟ سەرۆكوەزیرانی ئوستڕاڵیا لەوپەڕی دنیاوە نەیدەگوت من یارمەتیی كورد دەدەم، هەروەها وەزیری بەرگریی فەرەنسا هەفتەی رابردوو نەدەهات سەنگەر بە سەنگەری پێشمەرگە بە سەر بكاتەوە و بڵێ من یارمەتیتان دەدەم. واتە پێشمەرگە خۆی هەبوو، شەڕی داعشی كرد، بۆیە ئەوانیش دێن یارمەتیمان دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار