ئۆپۆزسیۆنی سووریا، پڕۆژەی نەتەوەیەكگرتووەكانی ڕەت كردەوە

ئەی ئێف پی-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گفتوگۆكانی جنێڤ ڕایگەیاند، ئەوان پڕۆژەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ قۆناغی گواستنەوە لە سووریا ڕەت دەكەنەوە.
ئاژانسی (ئەی ئێف پی)، لێدوانی سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گفتوگۆكانی جنێڤی بڵاو كردەوە كە ڕایگەیاندووە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا پڕۆژەی نەتەوەیەكگرتووەكانی بۆ قۆناغی گواستنەوە لە سووریا ڕەت كردووەتەوە.
سەرچاوەكەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە ناوی بڵاو نەكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەوان ڕەتكردنەوەی خۆیان بۆ پڕۆژەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ قۆناغی گواستنەوەی سووریا بە (ستیفان دیمستورا)ـی نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، ڕاگەیاندووە.
بە گوێرەی پڕۆژەكەی یوئێن، (بەشار ئەسەد) لە ماوەی قۆناغی گواستنەوەدا دەمێنێتەوە، لەو بارەیەوە سەرچاوەكەی ئۆپۆزسیۆن دووپاتی كردەوە كە، ئەوان بە هیچ جۆرێك گفتوگۆ لەسەر مانەوەی (ئەسەد) لە دەسەڵاتدا ناكەن.




