٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"مافی كوردە داوای قەرەبووی ئەو زیانە بكات كە سایكس پیكۆ پێی گەیاندووە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر–KDP.info- پڕۆفیسۆرێكی مێژوویی، دەربارەی سنوورە دەستكردەكان و هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتننامەی سایكس­پیكۆ دەڵێ، هەلومەرجی نێودەوڵەتی تاڕادەیەكی زۆر لەبارە و، كورد دەتوانێ كەڵك لەو پێگەیەی كوردستان وەرگرێ كە بە هۆی دەسەڵاتی خۆجێیی و دیموكراسییەت و جەنگی داعشەوە بۆی فەراهەم بووە.

(د. قادر پشدەری)، سەرۆكی كۆمەڵەی ڕۆشنبیریی مێژوویی كوردستان، پێوەست بە تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس­پیكۆ و هاتنەپێشەوەی دەلیڤەی نوێ بۆ كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "روونە كە ڕێككەوتننامەی سایكس­پیكۆ یەك لەو ڕێككەوتننامە كۆڵۆنیالییە نهێنیانە بوو كە لە ساڵی (1916)ـدا لە نێوان بەریتانیا، فەڕەنسا و ڕووسیادا بەسترا بە ئامانجی دابەشكردنی میراتی ئاسیای دەوڵەتی عوسمانیی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، ‌دیارترین كاریگەریی ئەو دابەشكارییەیش لەسەر كوردستان و دواتر ئەو دەوڵەتانە بوو كە هەریەكەو بەشێكی كوردستانیان پێ درا، هەرچەندە ڕێككەوتنەكە دوای شۆڕشی ئوكتوبەری (1917) لەلایەن یەكیەتیی سۆڤیەتەوە ئاشكرا كرا، بەڵام شوێنەوار و لێكەوتەكانی دوای جەنگ ڕەنگدانەوەیان هەبوو، ئیدی كوردستان بەپێی سات و سەودای زلهێزەكان مامەڵەی لەگەڵ كرا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواست و ویستی خەڵكەكەی خرایە ژێرباری دابەشكردن و لكاندن و پاماڵكردنێك كە لە مێژووی مرۆڤاییتیدا وێنەی نییە كە بەم شێوەیە گەلێك گیرۆدە كراو و فەرامۆشكراو بێت."

(پشدەری) گوتیشی: "دوای سەد ساڵ ئێستا كورد دەلیڤەی نوێی بە ڕوودا كراوەتەوە و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆكارانە دەشێ بڵێین كورد دەرفەتی وای بۆ ڕەخساوە كە دەبێ بەهەند وەربگیرێ، ئەو ڕێككەوتننامەیە ئەگەرچی لەلایەن زلهێزەكانەوە سەپێنرا، بەڵام وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا و زۆر بەند و لێكگەیشتنی تێدا بوون كە هەندێكیان هەر جێبەجێ نەكران و هەندێكیان هەموار كرانەوە و دیزەبەدەرخۆنە كران، پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی ئەو ڕێككەوتنە پتر لەباری پەیوەندیی بە كوردستانی عوسمانییەوە جێبەجێ كرا؟ هەر بۆیە مافی گەلی كوردە بەتایبەتی لە كوردستانی باشوور كە نەك هەر هەڵیوەشێنێتەوە، بەڵكو قەرەبووی ئەو زیانانەیش لەو زلهێزانە داوا بكات ئەگەر مەعنەوییش بێت ‌لە سۆنگەی ئەو ڕێككەوتننامەیە بە كورد گەییشتووە."

(د. قادر) لەبارەی دۆخی ئێستای كوردستان و عێراقیش دەڵێت: "باشووری كوردستان ئێستا ئەگەرچی دۆخی ناوخۆی نالەبارە، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتێكیش دەرگیرە كە عێراقە و، نەك ددان بە مافی چارەنووسیدا نانێت، بەڵكو دژایەتییشی دەكات. هەر دژایەیتی دەسەڵاتە سیاسییە هەرێمییەكەیشی ناكات بەتەنێ، بگرە لە دژی گەلی كوردستانیش هەنگاوی جۆراوجۆری ناوە، ئەمەیش وادەكات كە كورد پەنایەكی دیكەی جگە لە ڕزگاربوون لەو دەرگیرییە و جاڕدانی ‌سەربەخۆیی بۆ نەمابێتەوە. هەلومەرجی نێودەوڵەتی تاڕادەیەكی زۆر لەبارە و كورد دەتوانێ كەڵك لەو پێگەیەی كوردستان وەرگرێ كە بە هۆی دەسەڵاتی خۆجێیی و دیموكراسییەت و جەنگی داعشەوە بۆی فەراهەم بووە."

ئەو پڕۆفیسۆرەی مێژوو ئاماژەی بەوەیش كرد: "نموونەی دروستبوونی دەوڵەتی نوێ لە سیستەمی تازەی جیهانیدا بە تایبەتی دوای لێكهەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت، فۆبیای دامەزراندنی دەوڵەت و تێكدانی سنوورەكان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان بەپێی بەرژەوەندیی گەلانی ڕەواندووەتەوە، چۆن جاران بڤە بوو باسی گۆڕینی سنوورەكان بكرێت، ئێستا خەریكە وای لێ دێت كە باسكردن لە هێشتنەوەی ئەو دەوڵەتانە بەم شێوەیە ناجۆر و ناقۆڵا بێتە بەرچاو. ئێستا هەژانی گەورە ناوچەكەی گرتووەتەوە و دۆخی ناوخۆیی عێراق و جەنگی سووریا و پێگەی سیاسیی كوردستان لەنێو ئەو هاوكێشانەدا كە جگە لە ڕۆژئاوا، ڕووسیا و ئێرانیش ڕۆڵی كارای تێدا دەبینن، لەنێو ئەو هەموو دەبەریەكڕاچوونەدا، كوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا ئاساییە كە سەرمەشقی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆ بن".

 

فایزە پاڵانی    

هەواڵی پەیوەندیدار