جۆن كێربی: بەدوای رێگەچارەیەكدا دەگەڕێین بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان

واشنتن-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییەیە كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و، بە دوای رێگایەكدا دەگەڕێت بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و عێراق.
(جۆن كێربی)، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێش چەند هەفتەیەك (جۆن كیری) وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق بوو و لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كۆ بووەوە، سەبارەت بە هاوكاریكردنی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئێمە ئاگاداری ئەو قەیرانە داراییەین كە نەك تەنیا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بەڵكو رووبەڕووی تەواوی عێراق بووەتەوە و بەردەوامیش دەبین تا بەدوای رێگایەكدا بگەڕێین بۆ هاوكاریكردنیان."
جێگای ئاماژەیە، نزیكەی هەفتەیەكە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكایە بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ئاگاداركردنەوەیان لە رەوشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە.




