"بەغدا پلانی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نییە.. كورد لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەسەر هێڵە"

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ئێزدییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، لەلایەن بەغداوە هیچ هەنگاوێكی پڕاكتیكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نەنراوە، لە كاتێكدا عێراق زۆر باس لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەكات دەشڵێت، ئێستا كورد پەیوەندی لەگەڵ بەشێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان دروست كردووە و سەرقاڵی بەستنی كۆنفڕانسین.
(ڤیان دەخیل)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا لەلایەن بەغداوە هیچ هەنگاوێكی پڕاكتیكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نەنراوە، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق زۆر باس لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەكات، بە تایبەتی سەرۆكوەزیران، بەڵام مادام حكوومەتی عێراق پارەی نییە و، خاوەنی هیچ پلانێك نییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، پێویستیش ناكات ئەو قسانە بكات، لە كاتێكدا ئەركی حكوومەتی عێراقە ئەو هەنگاوە بنێت، باوەڕیش ناكەم بەم زووانە هەنگاوی پڕاكتیكی لەو بارەیەوە بنرێت".
(دەخیل) گوتیشی: "ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ بەشێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دروست كردووە و ماوەی سێ مانگە خەریكین كۆنفرانس دەكەین لە بەغدا و بەیروت و ئیسپانیایش، بۆ ئەوەی بە خەڵك و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بڵێین كە ئەوە ئامار و داتاكانمانن لەسەر وێرانكردنی شنگال، چونكە لەو بارەیەوە دۆكیومێنت و ئاماری تەواومان لەلایە".
كاران سەباح هەورامی




