لە بالیساندا یادی كیمیابارانكرانی ناوچەكە كرایەوە

بالیسان -KDP.info- ئەمڕۆ لە شارەدێی بالیسان سەر بە شارۆچكەی شەقڵاوە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی و كەسوكاری شەهیدان یادی كیمیابارانكرانی ناوچەكە كرایەوە؛ لە ٢٩ ساڵ لەمەوبەرەوە ڕژێمی پێشوو چەند جارێک خۆشناوەتیی كیمیاباران كرد، كە بەو هۆیەوە ٢٦٤ هاووڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتییش بریندار بوون.
(ساڵح ئەكرەم) بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی لەسەر ئاستی باڵا و كەسوكاری شەهیدان لەسەر گڵكۆی شەهیدان لە بالیساندا یادی كیمیابارانكرانی ناوچەكە كرایەوە، هەروەها ڕیز لە تاقانەیەكی ئەنفال نرا، دواتریش هەر بەو بۆنەیەوە هەڵمەتێكی نەمامچاندن بەڕێوە چوو."
گوتیشی: "یادەكە زۆر بەبێ کێشە بەڕێوە چوو؛ كەسوكاری شەهیدان بڕیاریان دابوو ئەگەر حكوومەتیش یادەكە نەكاتەوە، بە خۆیان یادی ئەو خەمە بكەنەوە؛ هەڵبەت بە شێوەیەكی زۆر ڕێکوپێک یادی ئەو خەمە کرایەوە."
بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان، ئەوەشی گوت: "ناوچەکە چەند جارێک كیمیاباران کراوە؛ یەكەمجار ڕۆژی ١٦/ ٤/ ١٩٨٧ ڕژێمە ڕووخاوەکەی بەعس بە چەند فڕۆكەیەك شێخوەسان و بالیسانی كیمیاباران كرد؛ لەو کیمیابارانەدا ٢٦٤ هاووڵاتی شەهید بوون و، زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتییش دیكە بریندار کەوتن؛ دیارە ٥٧ كەسیش لە سنووری بالیسان ئەنفال كراون."
ڕابین شێروانی




