دوو کۆنگریسمانی ئەمهریکا بڕیار دەدەن بۆ ھاوکاریکردنی کورد و پێشمەرگە

ههولێر-KDP.info- دوو کۆنگرێسمانی ئەمهریکا لە حزبی کۆماری، لە بڕیارێکی هاوبەشدا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کرد، ھاوکاریی زیاتری پێشمەرگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات.
(ڕۆس لیتینین) کۆنگرێسمانی ئەمهریکایی لە حزبی کۆماری و سەرۆکی لیژنەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و (براد شیمان) لە پەرلەمانتارانی کۆماری و ئەندامی لیژنەی ئاسیا و زەریای ھێمنی کۆنگرێسی ئەمهریکا، بڕیاری 682یان دەکرد، کە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا دەکات، پێداویستی ببەخشێت بە پێشمەرگەی کوردستان و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لە دەستەبەرکردنی پێداویستیی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها پشتگیریی پێشمەرگەی کوردستان بکات لە شەڕی دژبە تیرۆر و پاراستنی پێکهاتەکانی عێراق کە لە دەستی چەوسانەوە پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان بردووە.
(لیتینین) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پێشمەرگەی کورد، زۆر کاریگەر بوون لە شەڕیاندا دژی داعش و بەردەوامن، تائێستا کەموکووڕییان ھەیە بەھۆی کۆنیی چەکەکانیانهوه، ماوەی کەرەستەی سەربازییان بەرەو بەسەرچوون دەڕوات. لەکاتێکدا، داعش دەیەوێت کارەسات بەسەر عێراق و سووریادا بهێنێت، دەبێ وەزارەتی دەرەوە بە ھەموو شێوەیەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان دڵنیا بکاتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان".
ئەو کۆنگرێسمانە داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد بە خێرایی کەلوپەلی سەربازیی پێویست و ڕاھێنان بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بکات و، ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لە پێڕاگەیشتن و حەوانەوەی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر کە لە دەستی داعش هەڵاتوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
هەر لەو بارەیەوە، کۆنگریسمان (براد شیمان) دەڵێت: "ڕژێمی (ئەسەد) و ڕێكخراوی داعش، دەیانەوێت نائارامی لە ناوچەکە دروست بکەن، دەبێ زۆر چالاکانە ڕووبەڕوویان ببنەوە. لە کاتێکدا کە ئەمهریکا بەردەوامە لە باسکردنی داعش بەتەنیا، پێشمەرگەی کوردستان لە ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەردوو شەیتاندان، دەبێ پشتیوانیی خەباتیان بکەین. بۆیە داوا دەکەین پێشمەرگە بەردەوام بێت و پارێزگاریی ڕەگەز و ئایین و پێکهاتە جیاجیاکان بکات کە لە دەستی شەڕ ڕایانکردووە، داوا دەکەین (سەرۆک ئۆباما) پەلە بکات لە فەرمانکردن بە ناردنی ھێز و پشتیوانیی زیاتر بۆیان".




