٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی كوردستان: راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا بە گرینگ دەزانین

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا پێوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بە گرینگ ناو ده‌بات و، ئاماده‌یی خۆیشی بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵێتییه‌كاندا نیشان دا.

رۆژی 14/4/2016 وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2015 بڵاو كردەوە و، تێیدا تیشكی خستووه‌تە سەر رەوشەكانی مافی مرۆڤ لە چەند وڵاتێك و رەخنە و تێبینی و سەرنجەكانی دەربڕیوە، سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش، راپۆرته‌كه‌ تێبینییەكانی خۆی خستووه‌تە روو لە چەند روویەكەوە، لەوانە رەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و ئازادیی هاتوچۆیان، رەوشی ناوچە تازە ئازادكراوەكان، ئازادیی میدیا، رێوشوێنەكانی دەستگیركردن.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یێندراوی (د. دیندار زێباری) سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی بڕوابوونی بە پرەنسیپەكان مافی مرۆڤ و كاركردن لە پێناو چەسپاندنیدا، پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات، كه‌ دەربارەی هەرێمی كوردستان لە رێكخراوەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەچن بە هەند وەردەگرێت و گرینگیش بەو تێبینی و سەرنجانە دەدەین كە راپۆرتەكە لەسەر هەرێمی كوردستان باسی كردوون، سەبارەت بە پێشڤەچوونی رەوشی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی پاراستنی لەوانەش راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا كە گرینگی بە پاراستن و پابەندبوونی وڵاتان بە پرەنسیپەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی پێشخستنی دەدات لە سەرتاسەری جیهان.

(زێباری) له‌ ڕاگه‌یێنداروه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، بێگومان باسكردنی هەرێمی كوردستان لە راپۆرتی ناوبراودا گرینگییەكی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا هەرێم لە حاڵەتی شەڕدایە لەگەڵ گرووپی توندڕەوی داعش و بەرەیەكی جەنگی بە درێژایی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر هەیە لە هەمان كاتدا ئەو قەیرانە داراییەی كە رووبەرووی حكوومەت بووه‌تەوە، هاووڵاتیان و نەناردنی بودجە و موچەی هاووڵاتیانی كوردستان لەلایەن حكوومەتی ئیتیحادی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەخت كردووە و، ئەركی حكومەتی هەرێمیشی زۆر قورس كردووە، سەرەڕای ئەم هەموو قەیرانەش نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم كردووە و رۆژانە لەو ناوچانەی كە شەڕیان تێدا هەیە و دەكەونە ژێر دەسەڵاتی داعش هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچەكە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

(زێباری) جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گرینگییەوە دەڕوانێتە ئەو تێبینیانەی كە سەبارەت بە هەرێم لە راپۆرتەكەدا باس كراون و، ئامادەی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكی پێویستە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریكا و لایەن نێودەوڵەتییەكان، بۆ دەرخستنی راستییەكان و پتەوكردنی بنەماكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و پاراستن و پێشخستنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، هەروەها دوای وردبوونەوە لێیان و دەستخستنی زانیاریی ورد و تەواو بە هەماهەنگیكردنی لەگەڵ پەیوەندیدارەكان لە كاتێكی زوودا وەڵامێكی  تێروتەسەلی گشت ئەو سەرنج و تێبینیانە دەدەینەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار