لە پۆڵۆنیا باسی کوردستانی سەربەخۆ لە سیستەمی نوێی رۆژهەڵاتی ناویندا کرا

پۆڵۆنیا -KDP.info- لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پۆڵۆنیا لەسەر سەدمین ساڵوەگەڕی بەستنی ڕێكکەوتننامەیسایکسپیکۆدا باسی سەربەخۆیی کوردستان کرا لە سیستەمی نوێی رۆژهەڵاتی ناویندا؛ دیارە سەد ساڵ لەمەوبەر 'مارک سایکس' نوێنەری بەریتانیا و، 'فرانسوا ژۆرژ پیکۆ' نوێنەری فەرەنسا، بە دزییەوە لەسەر دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێک کەوتن.
ڕۆژی چوارشەممە 13ی نیسان لە زانکۆی لۆج Łódź کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو لەسەر سەد ساڵەی ڕێكکەوتننامەی سایکسپیکۆ.
لە دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا کە میوانێکی فەخری بوو وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا بە ناوی "کوردستانی سەربەخۆ سەرەتای دروستبوونی سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" نوێنەری حکوومەت باسی دەرهاویشتە نێگەتیڤەکانی ڕێککەوتننامەی سایکسپیکۆ کرد. باسی ئەو ڕووداوانەی ئێستای ئەم بەشەی جیهانیشی کرد و، گوتی بەو ڕووداوانەدا دیارە سایکسپیکۆ کاڵ دەبێتەوە.
زیاد ڕەئووف سەرەنجی بەشدارانی کۆنفرانسەکەی ڕاکێشا بەوەی کە کوردستان ڕەنگدانەوەیەکی باشی ئەوەیە کە لەسەر چ بنەمایەك دەبێ سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژرێتەوە، کە سنوورێکی دادپەروەرانەی هەبێت و لەسەر پەیوەندی دۆستانەی دراوسێیەتی دامەزرابێت و ناخۆشییە تاڵەکانی مێژوو وەلاوە بنرێت و، لە ژێر چەتری دیمۆکراسیدا پەروەردە و ئابووریی بازاڕی ئازاد و، هەموو نەتەوە و ئایینێک بپارێزرێت. نوێنەری حکوومەت هەروەها باسی ئامادەکارییەکانی کرد لەبارەی ڕیفراندۆمکردن و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی؛ هەروەها میوانەکانی ئاشنا کرد بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لەوانە بەرەکانی جەنگ لە دژی داعش و قەیرانی مرۆیی و ئابووری.
دوای وتارەکە، نوێنەری حکوومەت کۆمەڵێك پرسیاری ئاراستە کرا، ئەویش تیروتەسەل وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
جگە لە زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەت، لە بەرزترین زانکۆکانی پۆڵۆنیا و لە زانکۆی جۆرجیا (تبلیس)ـیشەوە کۆمەڵێکپڕۆفیسۆر و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هاتبوون؛ کۆمەڵێ نوێنەری ڕەوەندی کوردیش لەوێ ئامادە بوون. شایانی باسە بەشی توێژینەوە نێودەوڵەتی و سیاسییەکانی زانکۆی لۆج ئەو کۆنفرانسەی ڕێک خستبوو؛ ڕاگری زانکۆی لۆج خۆیشی هاتبوو بۆ کۆنفرانسەکە.




