سیسی: میسر چاوی تەماحی نەبڕیوەتە خاکی وڵاتانی دیکە

ئاژانسەکان-KDP.info- لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی کە تەلەفزیۆنی میسر بڵاویکردەوە، سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی، وتی میسر چاوی تەماحی نەبڕیوەتە خاکی وڵاتانی دیکە.
مەبەستی سیسی ھەردوو دوورگەی تیرانا و سەنافیرە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، حکوومەتی میسر ڕادەستی سعودیای کردەوە .
سەرۆکی میسر ڕایگەیاند من هەرگیز لە خاکی میسر خۆش نابم، بەڵام ئەوە موڵکی ئێمە نەبووە و خەڵکی میسر چاوی تەماحیان نەبڕیوەتە خاکی وڵاتانی دیکە. وتیشی میسر ڕێز لە مافی وڵاتانی برا و دۆستی خۆی دەگرێت و بڕیارەکە بە گوێرەی فەرمانی سەرۆکایەتیی میسر لە ساڵی ١٩٩٠ بووە کە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تۆمار کراوە. سیسی ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوە، بەرگری و دەزگای ئەمنیی میسر پێداگری لەسەر مافی شانشینی سعودیا دەکەن لەسەر هەردوو دوورگەی تیرانا و سەنافیر.




