حکوومەتی هەرێم، یەکڕیزی لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان بەرپرسیارێتیی هەمووانە بۆ لەگۆڕنانی پیلانی ئەنفالچییان

ههولێر-KDP.info- حكوومهتى ههرێمى كوردستان له پهیامێكدا له یادى شاڵاوى ئهنفال رایگهیاند، وێڕای پەرۆشی بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانمان بۆ زێد و خاکەکەیان، بەردەوامیش لە خەمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکارە سەربەرزەکانیانداین و لە هەوڵی بەردەوامیشداین بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال.
دهقى پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی شاڵاوی ئەنفالدا.
بیست و هەشت ساڵ لەمەوبەر، گەل و خاکی کوردستان لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ئەودەمی عێراقەوە، ڕووبەڕووی دڕندەترین شاڵاوی پاکتاوی نەژادی و کاولکاری بوونەوە و لە ئاکامدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاونیشتیمانیی بێتاوانی کوردستان بوونە قوربانی و بە هەزاران گوندیش وێران کران. یادکردنەوەی ئەم کارەساتە ئەگەرچی زامێکی قووڵ و ئازاربەخشە، بەڵام یادێکیشە بۆ وەبیرهێنانەوەی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەکەمان لەپێناو هێنانەدی مافەکانیدا و تا ئێستا لە سایەی خەباتی بەردەوام و ئەو قوربانیدانەدا توانیومانە چەندین ئاوات و ئامانجی تێدا بێنینە دی کە مایەی شانازی و سەروەرین و دەبێ بە شکۆدارییەوە لەم یادەدا ڕەنگبدەنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای پەرۆشی بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی بۆ زێد و خاکەکەیان، بەردەوامیش لە خەمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکارە سەربەرزەکانیان و لە هەوڵی بەردەوامیشدایە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی جینۆسایدی ئەنفال. ئەگەرچی سەرانی ڕژێمی ئەنجامدەری ئەم تاوانە بە سزای خۆیان گەیشتن، بەڵام قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوان و قەرەبووی ژینگە و زێدی ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوی ئەنفالەکان کەوتن، ئەرکێکی یاسایی و مۆراڵیی حکوومەتی ئێستای عێراقە کە بەداخەوە تا ئێستا ئەو ئەرکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم کارەساتە دەکەینەوە، پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە سەنگەری بەرگریدان بەرامبەر بە شاڵاوێکی دیکەی دوژمنانی گەل و خاکەکەمان کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدەدرێت. لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگەدا، ئەمڕۆ گەلەکەمان داستانێکی مێژوویی لە خۆڕاگریدا لەپێناو ئازادی و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتیدا تۆمار دەکات. هەربۆیە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان بەرپرسیارێتیی هەمووانە لەپێناو لەگۆڕنانی پیلانی دوژمنان و ئەنفالچییان و بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەمان.
دروود بۆ گیانی پاک و بێتاوانی ڕۆڵە ئەنفالکراوەکانی گەلەکەمان.
دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان
١٤/٤/٢٠١٦




