"بۆ ئەوەی ئەنفال و كیمیاباران دووبارە نەبنەوە، گرینگە كار بۆ سەربەخۆیی بكەین"

هەولێر-KDP.info- رێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە دەڵێ، دەبێت ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە قۆناغێكی گرینگ لە پێش كورد ماوە، ئەویش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە.
(د. محەممەد بازیانی)، بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە یادی ئەنفالدا، پەمێك دەگەیێنینە هەموو جیهان كە ئێمە دەیان و سەدان ساڵە لە وڵاتێكدا زوڵممان لێ دەكرێت، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە نەهامەتییەكانمان بهێنین و قۆڵ بۆ ئەوە هەڵماڵین كە دەمانەوێت، هەموومان لەم ڕۆژەدا هیوا و ئاماتمان ئەوەیە كە دەوڵەتی كوردستان دروست ببێت و پێكەوە لە سایەی ئەو دەوڵەتەدا بژین، بۆ ئەوەی كورد جارێكی دیكە نەهامەتیی ئەنفال و كیمیاباران و دەربەدەری بەسەردا نەیەتەوە، گرینگە ناوماڵی خۆیمان بپارێزێن و كار بكەین بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە پشگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان بكەین".
(بازیانی) گوتیشی: "زۆر گرینگە لەم كاتەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان كۆ بكاتەوە، چونكە ئیرادەی گەلی كوردستان سەر دەكەوێت كە گەلی كوردستان لەگەڵ یەكڕیزی و یەكدەستیی هێزە سیاسییەكانە".
رێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو: "دوو ئیرادەی بەهێزی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی كوردستان هەن كە دەبێت كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات".
كارزان سەباح هەورامی




