"دەكرێ بە شەش كەیسی ددانپێدانراوی جینۆساید، هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنرێت"

هەولێر -KDP.info- نووسەر و لێكۆڵەرێک لە بواری جینۆسایدی گەلی كورددا دەڵێت، هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدە یەك لە دوای یەكەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون، نەیانتوانیوە ببن بە بنەمایەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هەڵبەت كورد بە شەش كەیسی ددانپێدانراوی جینۆساید، نەیتوانیوە بەقەدر كەیسی هۆڵۆكۆستی جوولەكەكان سوودی لێ وەرگرێت بۆ دامەزراندنی ئەو قەوارە سەربەخۆیە.
(عەدالەت عومەر)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "راگواستنی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان لەسەر زێدی باب و باپیرانیان و پڕاكتیزەكردنی سیاسەتی بەعەرەبكردنی ناوچە كوردنشینەكان و لە دواقۆناغیشدا كیمیابارانكردنی كوردستان بە تایبەتی شاری هەڵەبجە، كە لە چاوچوقانێكدا زیاتر لە (٥ هەزار) كەس بە گازی قەدەغەكراوی كیمیاوی خنكێران و بە دەیان هەزاری دیكەیش بریندار بوون، تاوەكو ئێستایش ئاسەوارەكانی ئەم گازە كیمیاوییە بەردەوامە و خەڵكی ئەو ناوچەیە بە دەستیەوە دەناڵێنن، ئەمانە زنجیرە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو تاوانانەن، وەلێ لوتكە و ترۆپكی هەموو ئەو تاوانانە خۆی لە (شاڵاوەكانی ئەنفال)ـدا بینییەوە".
(عەدالەت عومەر) گوتیشی: "ئەمانە بە پڕۆگرامێكی داڕێژراوی رژێمی ڕووخاوی بەعس بەڕێوە چوون، تاوانێك كە بە چەند مانگێك لە (٢٢ـی شوبات تا ٦ـی ئەیلوولی ١٩٨٨) لە هەشت قۆناغی جیاجیادا بە بەرچاوی وڵاتانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ڕووی دا و زیاتر لە (١٨٢ هەزار) هاووڵاتیی كوردی سیڤیل تێیدا شوێنبزر كران، هەروەها وێرانكردنی زیاتر لە (2 هەزار) گوند كە لە بەڵگەنامەكانی حكوومەتدا واناویان هاتووە كە (سووتاون)، (تێك دراون)، (تەخت كراون)، (پاكسازی كراوە) لانی كەمیش 10 شارۆچكەی گەورە و مەڵبەندی بەڕێوەبردن (قەزا و و ناحیە) هەمان شتیان بەسەر هاتووە، بەڵام مخابن لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا، بەرپرسانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان لێی بێدەنگ بوون."
بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن
جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەعسەوە، هەر بە تەنیا بە هێرشەكانی ئەنفالەوە نەبەسراوەتەوە، ئەگەرچی جینۆساید لەمەیاندا گەیشتووەتە لوتكەی تاوان و پێشیلكاری دژ بە گەلی كوردستان، بەڵام وەک ئەو ئەو لێکۆڵەرە دەڵێ "سیاسەتی كۆچپێكردنی زۆرەملێی گوندنشینەكان و وێرانكردنی لە ماوەی نێوان (١٩٣٦تا١٩٩١)، دوو دیاردەی ئاشكرای پێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤن و لە نیازەكانی جێبەجێكردنی تاوانی جینۆسایدن، كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پیادەیان كردوون، هەروەها دیاردەكانی كۆچپێكردنی زۆرەملێی كوردەكان لە كوردستان بە مەبەستی بەعەرەبكردنی ئەو ناوچانە، دەركردنی دەیان هەزار كوردی فەیلی و جینۆسایدكردنیان لە ساڵەكانی (١٩٣٦تا١٩٨٠)، بە چەند قۆناغ بەرەو ئێران و راگواستن و كۆمەڵكوژیی بارزانییەكان هەر لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە تاكو بەعسی دیكتاتۆر كە هەزاران شەهید و قوربانی و بێسەروشوێنكردنی نزیكەی (٨) هەزار نێرینەی بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ـی لێ كەوتەوە، ئەمەیش تەنیا بە تاوانی كوردبوون و بارزانیبوونیان، ئەوانە هەمووی تا دەگاتە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و تاوانی جینۆساید و ئەنفال لە ١٩٨٨ و كۆڕەوە ملیۆنییەكەی بەهاری ١٩٩١، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن بۆ تاوانباركردنی رژێمی بەعسی ڕووخاو بە تاوانی قڕكردنی بەكۆمەڵی كورد و بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە جینۆسایدناساندنی هەموو ئەو تاوانانە كە لە سەدەی بیستەمدا بەسەر گەلی كورددا هاتوون."
بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەرەوڕووی جینۆسایدی دیکەی کردینەوە
ئەو نووسەرە دەربارەی ئەنفال و جینۆسایدكردنی ژنان و كچانی ئێزدی و مەسیحی لەلایەن تیرۆریستیانی داعشەوە لە (٢٠١٤)ـدا كە ئەنفالی دووبارە كردەوە، دەڵێت: "بە داخەوە بێدەنگیی زیاتر لە ٩٥%ـی ئەندامانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، وای كرد لە ساڵی (٢٠١٤)ـدا جارێكی تر كورد لەسەر خاكەكەی خۆی بە دەست هێزێكی تیرۆریستییەوە دووچاری كردەوەی جینۆساید ببێتەوە و ئێزدییەكان و مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تر بە هۆی بیروباوەڕی جیاواز بكەنە ئامانج و هەزاران خەڵكیان دەربەدەر و ئاوارە و ماڵوێران كرد و بە سەدان كەس كۆمەڵكوژ كران و بە هەزاران كچ و ژنی ئێزدی رفێنران و لە بازاڕەكان وەك كەنیزە و جاریە فرۆشران و دەستدرێژییان كرایە سەر و جارێكی تر نەخشەی گۆڕی بەكۆمەڵیان كێشایەوە."
ئەو لێكۆڵەرەی بواری جینۆسایدی گەلی كوردستان دەشڵێت: "گەلی كورد بۆ دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانی، هیچ كاتێك لە خەبات و تێكۆشان سڵی نەكردووەتەوە و لەو رێگا سەخت و ناهەموارەیشدا گەلێك شۆڕشی بەرپا كردووە و كۆمەڵێك قوربانیی داوە و خوێنێكی ئێجگار زۆریشی ڕشتووە، دیارە ئەو خەبات و بەرخودانەی كوردان بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە خاك و وڵات و مۆركی نەتەوایەتی بووە، هەموو ئەو تاوانە و جینۆسایدە یەك لە دوای یەكانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتوون، نەیانتوانیوە ببن بە بنەمایەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، كورد بە شەش كەیسی ددانپێدانراوی جینۆساید نەیتوانیوە بەقەدر كەیسی هۆڵۆكۆستی جوولەكەكان سوودی لێ وەرگرێت بۆ دامەزراندنی ئەو قەوارە سەربەخۆیە، بۆیە پێم وایە لە ئێستادا دەتوانێت هەنگاوی كرداری بۆ ئەم مافە بهاوێژێت و، لە رێگای ریفراندۆمەوە ئەوە دەستەبەر بكات كە دەوڵەتێكی سەربەخۆمان دەوێت تاكو بە سەربەستی و ئازادی تێیدا بژین و ببێتە گەرەنتییەك بۆ دووبارەنەبوونەوەی تاوانی جینۆساید بەرانبەر گەلەكەمان".
فایزە پاڵانی





