ئەمەریكا، یادی قوربانیانی ئەنفال بەرز ڕادەگرێت

هەولێر -KDP.info- نووسینگەی گوتەبێژی فەرمیی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەڵێت، هەڵمەتی قێزەونی ئەنفال، بووە هۆی كوشتنی هەزارەها پیاو و ژن و منداڵی عێراقی و بریندار و پەككەوتەكردنی چەندانی تر، شانبەشانی لایەنەكانی تر لە عێراق و سەرانسەری جیهان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یادی قوربانیانی ئەنفال بەرز ڕادەگرێت.
لە بەیاننامەیەكدا، كە وێنەیەكی گەییشتووەتە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەڵێت: "ئەمڕۆ بە پەژارەیەكی زۆرەوە یادی قوربانیانی هەڵمەتی دڕندانەی ئەنفال دەكەینەوە كە لەلایەن (سەددام حوسێن)ـەوە دەرهەق بە كوردی عێراق و ئاشووری و شەبەك و ئێزدی و سائیبەی مەندائی و كەمە نەتەوەكانی تر ئەنجام درا.
هەڵمەتی قێزەونی ئەنفال، بووە هۆی كوشتنی هەزارەها پیاو و ژن و منداڵی عێراقی و بریندار و پەككەوتەكردنی چەندانی تر.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دڵنیاییدادات كه ، شانبەشانی لایەنەكانی تر لە عێراق و سەرانسەری جیهاندا، یادی قوربانیانی ئەنفال بەرز ڕادەگرێت. پابەندیی خۆیشمان دووپات دەكەینەوە بۆ وەستان لەگەڵ عێراقییەكان، بەوانەی هەرێمی كوردستانی عێراقیشەوە، لە كاتێكدا كەوا كار دەكەن بۆ تێكشكاندنی داعش و دڵنیاییدان بۆ عێراقێكی پارێزراو و دیموكراسی.
رۆژی 14ـی نیسانی1988، رژێمی بەعسی عێراق یەکەم قۆناغی ئەنفالی گەلی کوردی لە کوردستانی باشوور دەست پێکرد، کە میانەیدا بە هەشت قۆناغ، زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی کوردبوون، ئەنفالکران و بە زیندوویی ژێر خاک کران.




