٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنفال، برینێکی ساڕێژنەکراو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ، 28 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی ئەنفال، كە لەلایەن بەعسییەكانەوە دژ بە گەلی كورد ئەنجام درا، كە تیایدا زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی كورد زیندە بەچاڵكران و لەناوبران.

لەو ڕۆژەدا كەسوكاری ئەنفالكراوان گلەیییان هەیە لەوەی هێشتا حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەنفال بكاتەوە.


بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند؛ بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال ناسێنراوە، بۆ ئەم مەبستەیش، بڕیار وایە ئەمڕۆ سەعات 9ـی بەیانی لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بۆ ماوەی یەك دەقە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بوەستێنرێت، پاشان ڕێورەسمێكی تایبەت لە مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت و تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفال دادەنرێت و، چەند چالاكییەكی هونەری و شانۆیی پێشكەش دەكرێن.


دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان
لە 23 شوباتی 1988 ئۆپەراسیۆنەكە بە 8 قۆناغی جیاواز و لە 6 ناوچەی جیاوازی كوردستان دەستی پێكرد، قۆناغی یەكەمی لە 23/2 تا 18/3/1988 بۆسەر ناوچەكانی دۆلی جافایەتی، قۆناغی دووەم لە 22/3 تا 1/4/1988 بۆسەر ناوچەی قەرەداغ، قۆناغی سێیەم لە 7/4 تا 20/4/ 1988 بۆسەر ناوچەی گەرمیان، قۆناغی چوارەمیش لە 3/5 تا 15/5/ 1988بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچووك، قۆناغی 5 و 6 و 7 لە 15/5 تا 26/8/1988 بۆسەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رواندز، قۆناغی هەشتەم و كۆتایی، لە 26/8/ تا 6/9/ 1988 بۆسەر ناوچەی بادینان و سەرجەم ئەو قۆناغانەیش پاش ڕووخانی هەموو گوندەكانی كوردستان لە بەرواری 6ـی ئەیلوولی 1988 بە فەرمی كۆتایی هات.


ئەمڕۆ كوردستان بێدەنگ دەبێت
(بەرەڤان حەمدی) بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، گوتی: ئەمڕۆ 14/4ـە كە 28 ساڵ بەسەر كارەساتی ئەنفال تێدەپەڕێت، كە بە 8 قۆناغ هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە ناوچەكانی گەرمیان و كەركووك دەستی پێ كرد، لە ناوچەی بادینان كۆتایی پێ هات، تۆپی كارەساتەكە كەوتە ناوچەی گەرمیان، ئەمڕۆیە كە زۆربەی زۆری خەڵكی سڤیل لە دوو گوندی ناوچەكە بوونە قوربانی.


گوتیشی: بەپێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان، ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال ناسێنراوە، بۆ ئەم مەبستەیش بڕیار وایە ئەمڕۆ سەعات 9ـی بەیانی لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بۆ ماوەی یەك دەققە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بوەستێت، هەروەها لە زانكۆ و پەیمانگاكان، هەتا لە قوتابخانەكانیش پێنج دەققەی یەكەم باس لەو كارەساتە دەكرێت، هەروەها بڕیار وایە لە وتاری رۆژی هەینییدا، مامۆستایانی ئایین باسی ئەنفال و ئەو كارەساتە دڕندەیە بكەن كە دەرحەق بە گەلی كورد كراوە، كە دوورە لە هەموو بەهایەكی ئایینی، هەروەها بڕیارە بەشێك لە تاقانەكانی ئەنفال بەپێی یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2015 كە دەرچووە و سەرۆكی هەرێم پەسەند كردووە، مەدالیاكەیان پێ بدرێت، جگە لەوەیش زانكۆیەكانی كوردستان چالاكیی هاوبەش ئەنجام دەدەن، كە تیایدا پانۆڕامای ئەنفالی كوردستان گفتوگۆ دەكرێت و بایەخ بەو ڕۆژە دەدرێت وەك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها لە هەموو دامودەزگاكانی دیكەی حكوومیش بە شێوەیی جیاجیا ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت.


(حەمدی)، ئاماژەیشی دا، بەداخەوە ئەوانەی ئەنفالكراون ناسنامەی عێراقیان هەبووە، حكوومەتی عێراق هاووڵاتی خۆی ئەنفال كرد، هۆكاری ئەنفالكردنی ئەوانەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەنیا ئەوانە كورد بوونە و لە خاكی كوردستان ژیاون.


لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس كە ئەو كەیسە لە دادگا بە جینۆساید ناسێنرا، بڕیار دەرچوو كە تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی، تاوانێكی كۆمەڵكوژییە و دژی مرۆڤایەتیە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق لە ڕووی ماددی و مەعنەوی هاوكاریی كەسوكاری ئەنفالەكان نەكرد، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو عەقلیەتەی كە گەلی كورد پێ ئەنفال كرا، هەمان عەقلیەتە و بە چاوێكی دیكە تەماشای گەلی كورد دەكرێت، هەتا گەیشتە بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، تەنیا كێشەی نەوت و پێشمەرگە و بوودجە و مووچەی فەرمانبەران نییە، بەڵكو قەرەبووكردنەوەی ئەو خەڵكەیە كە زەرەرمەند بوونە لە دەستی حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق.


كەسوكاری ئەنفالكراوەكان گلەیییان هەیە
(ئینزار مستەفا) گوتی: ئەگەرچی كەیسی ئەنفال لەسەر ئاستی عێراقدا بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق ئامادەیی دەرنەبڕیوە كە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەو كارەساتە بكاتەوە، ڕاستە وارسی ئەنفالەكان هەندێك لە لایەن حكوومەتی هەرێم قەرەبوو كراونەتەوە و خانوویان بۆ دروست كراوە، بەڵام پێویستە هەلی كاركردن و خوێندن بۆ تەواوی وارسەكان بەبێ جیاوازی بڕەخسێنرێت، هەروەها لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە هەوڵی ئەوە بدرێت كە ئەو بۆشاییەی بۆیان دروست بووە، پڕ بكرێتەوە.


(جەمال عەبدوڵڵا) كە ئەویش یەكێكی دیكەیە لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان، ڕوونی كردەوە، بەداخەوە كارەساتێكی گەورەی وەك ئەنفال وەختە لە بیر بكرێت، بۆ ئەوەی بە بیری نەوەی نوێی بهێنینەوە، كە كورد ئەنفال كراوە بەتایبەت ئەم نەوە نوێیەی كە ئەو كارەساتەی نەبینیوە.


گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دروست كردووە، بەڵام دروستكردنی ئەو یەكانە و پێدانی مووچەیەكی مانگانە، هەموو برینی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ساڕێژ ناكات، لە ئێستادا لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونیی ئەو وارسانە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە هەیە.


(جووتیار محەممەد) ئاماژەی دا؛ كەسوكاری ئەنفالەكان هەر كارێكیان بۆ بكرێت، ناتوانن قەرەبووی لەدەستدانی ئەو ئازیزانەمان بۆ بكاتەوە، كە تا ئێستایش زۆربەمان نازانین گۆڕەكانیان لە كوێیە، بۆیە دروستكردنی خانوو، یان مووچە، ڕەنگە هەندێك لە خەم و ئازارەكانمان كەم بكاتەوە، كە ڕۆژانە لە دووریی ئازیزەكانمان دەیكێشین، چونكە هێشتا زۆربەمان لە بارێكی ناخۆشدا ژیان دەگوزەرێنین، بەڵام پێویستە كاری زۆر باشتر بۆ ئێمە بكرێت.


ئەوەشی گوت؛ پێویستە حكوومەتی عێراق ناچار بكرێت، كورد قەرەبوو بكاتەوە، هەروەها پێویستە كار بۆ بە سزاگەیاندنی هەموو ئەو كۆمپانیا و لایەنانە بكرێت، كە هاوكاریی جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئەنفالیان كردووە و بەجۆرێك لە جۆرەكان یارمەتیدەری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە بوونە.


(موزەفەر عەلی) یەكێكی دیكەیە رایگەیاند؛ ئەوە چەندین ساڵە داوای دادگایكردنی جاش و مستەشارەكان دەكەین، كە ئەوانەی ناویان هاتووە لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، هەروەها داوا دەكەین كە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دابمەزرێن، هەروەها تا ئێستا حكوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوەیی كەسوكاری ئەنفالكراوەكانی نەكردووەتەوە، لە كاتێكدا قەرەبووی زۆرینەی ئەو تاوانانەی دیكە كراوەتەوە كە بەعس بەرانبەر بە نەتەوەكانی دیكەی عێراق كردووەیەتی، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زوو ئێمە قەرەبوو بكاتەوە و ئەندامانی كورد لە بەغدا ئەو داوایە بخەنە بەردەم حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بە كاری خۆی هەستێت و قەرەبوومان بكاتەوە، هەروەها یەكێك لە داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان هێناوەی ڕووفاتی ئەنفالكراوانە، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین، هەر چی زووە ڕووفاتەكانی ئەنفالكراوەكان بۆمان بهێنێتەوە باوەشی كوردستان.

زیانەكانی ئەنفال
لەو پرۆسەیەدا 90%ـی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شار و شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕاونەتەوە، ناوچە گوندنشینەكان، بە 15 ملیۆن مین، مینڕێژكران، نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كورد لە گوندەكانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان گوێزرانەوە، نزیكەی 10%ـی كوردانی باشوور لە نێو بران، بەمەیش نزیكەی 7729كم دووجا لە ڕووبەری هەرێمی كوردستان تووشی شاڵاوەكانی ئەنفال بوو.


یەكێك لە قێزەونترین كردەوە نائاكارییەكانی ئەنفال ئەوە بوو كە ڕژێمی بەعس، هەروەك چەرخەكانی ناوەڕاست هەڵسا بە كڕین و فرۆشتنی بەشێك لە كچ و ئافرەتە ئەنفالكراوەكان، كە زۆر جار بە كۆمەڵ عەرەب چوونەتە ناو زیندانییەكان و ئافرەتە جوانەكانیان هەڵبژاردووە، ڕژێم سەرەڕای فرۆشتنی ئەم ئافرەتانە لە نێو عەشیرەتە عەرەبەكاندا كەوتە دابەشكردنیان و فرۆشتنیان.


پاشخان:
- بە ٨ قۆناغ حكوومەتی بەعس لە ساڵی 1988دا پڕۆسەی ئەنفالی دژ بە كورد ئەنجام دا كە جگە لە خاپووركردنی 5 هەزار گوند، 182 هەزار كوردی بێ سەروشوێن كرد، كە بە گوتەی ڕزگاربووانی ئەو مەرگەساتە بەعس ئەنفالكراوانی لە نێو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا لەناو بردووە.
- دوای 60 دانیشتن، دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ڕۆژی 24ـی حوزەیرانی 2007 بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ هەر یەك لە عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی كیمیاوی و، سوڵتان هاشم دەركرد، بڕیاری زیندانیكردنی بۆ 4 تاوانباری دیكەیش دەركرد.
- هەر یەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژی 14ـی نیسانی 2008 ئەنفالیان وەك جینۆساید ناساند.
- 14/4 وەك ساڵیادی ئەنفال دیاری كرا، ئەمەیش لەبەر ئەوەیە كە لەو ڕۆژەدا زۆرترین كورد بێسەروشوێن كران، كە نزیكەی 20 هەزار كەس بوون لە هەر دوو گوندی ملەسوورە و كوڵەجۆی حاجی حەمەخانی گەرمیاندا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار