یەکێتیی ئەورووپا پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، ھەرێمی کوردستان لای یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرینگە، ھەر بۆیەش دەیانەوێ پێوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێم بەھێزتر بکەن، چونکە پێگەیەکی ئابووری و سیاسی گرینگی ھەیە و لەناوچەکەیشدا تاكە ناوچەیەکی ئارامە.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا (دلاوەر ئاژگەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ھەندێک لەو بەرپرسانەی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام کە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن ئێمە بانگھێشتیان دەکەین بۆئەوەی بێنە ھەرێمی کوردستان لەنزیکەوە دۆخەکە ببێنن و، بەشێکیش دەیانەوێ پێوەندی زیاتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەھێز بکەن، چونکە ئەوان دەزانن ئەگەرچی هەرێم لە ئێستادا لە قەیرانی دارایی دایە، بەڵام بۆ داهاتوو لەڕووی ئابوورییەوە رۆڵێکی گرینگی دەبێ لە نەوت و غاز و کشتوکاڵ و زۆر بواری دیکەدا، هەروەها دەیشزانن کە تاکە ناوچەیەکی ئارامە لە ناوچەکەدا و سەقامگیرە و رۆڵێکی گرینگی و یەکلاکەرەوەیشی لە شەڕی دژ بە داعشدا هەیە، بۆیە رۆژ دوای رۆژ وڵاتانی ئەورووپا پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم بەهێزتر دەکەن.
(ئاژگەیی) دەیشڵێ یەکێتیی ئەورووپا هەڵوێستی خۆی دووبارە کردووەتەوە کە دەبێ هەرێمی کوردستان پارێزراو بێ، چونکە بەلایانەوە زۆر گرینگە؛ ئەوەبوو لە شەڕی دژ بە داعشدا یەکێتیی ئەورووپا بەزووی هاتە سەر هێڵ و داوای لە گشت ئەندامانی یەکێتییەکە کرد کە یارمەتی سەربازی هەرێمی کوردستان بدەن.
بڵًند ئیبراھیم




