٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

حکوومەتی یاریی و یاریی حکوومەت

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

کاتێک باسە مێژوویی و  سیاسی و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان دەخوێنینەوە، گەلێکجاران وارێککەوتووە، هەندێک دەوڵەت و لایەن بۆ شاردنەوەی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان پەنایان وەبەر دروستکردنی کێشە و قەیرانی نوێ و خراپتر بردووە، یاخود کۆشاون قەیران لەگەڵ دەوڵەت و لایەنی دیکەی دروستبکەن بۆ شاردنەوە و بردنە دەرەوەی قەیرانە ترسناکەکانی خۆیان.

لەوەتەی بەهاوکاری کورد عێراق دروستکراوەتەوە، کەس بەقەد مالکی بە روونی و ئاشکرایی نەیتوانیوە دژایەتی خواست و ویستە یاسایی و سیاسییەکانی کوردستان نەک هەر تەنیا لە بەغدا بکات، بەڵکە کاردەکات لە نێو خودی کوردستان و لەناوچە کوردییە دابڕێنراوە بەعەرەبیکراوەکان، کێشەی سیاسی و هەتا عەسکەرتاری دروست بکات. لەم چەند مانگەی  دوایشدا ئیرادەی ئەوەی کردووە کە کێشەکان رووبەرووی کردەی سەربازی و چارەسەری ترسناکی هێز بکاتەوە.

حکوومەتی بەغدا ئەوەی ئەنجامی دەدات لەگەمە و یاریی دەچێت لەپێناو بەهێزکردن و سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرتری تاکڕەویی، بەڵام گەمەی ئەمجارە لەرێگەی بەعەسەریکردنی کێشەکانەوە خۆی دەنوێنیت، کەلەمەش پڕ پرسیارتر ئەوەیە دەسەلاتی بەغدا وەکو حکوومەتی یاری دەردەکەوێت. یارییەک لەلایەن هەندێک لایەنی توندڕەویی خۆسەپێن ئاراستە دەکرێت، یارییەکی دیکەش ئەویە کە حکوومەت کراوەتە یاری و لایەن و هێزی دەرەکی بەرێوەدەبرێت.

نوری مالکی لەیەکەم رۆژی کشانەوەی  سوپای ئەمەریکا لە عێراق دەستی کرد بە یارییە سیاسیی و مەزاجییە تاکڕەییەکانی و سنورداکردنی دەسەڵاتی کوردستانی کردە ئامانجی خۆی، بەڵام نە بەرەی سونە هێندە رێکخراو و بەبڕواو متمانە و بەهێزن ، بتوانن لە کێشە چارەنووسازەکان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن، بەپێچەوانە بەهۆی لاوازیی سەرکردە و نوێنەرەکانیان رارایی و هەتا سەنگەر گۆڕیش بەدیدەکرێت. کوردیش بەهۆی کۆمەلێک فشاری دەرەکی  و ناوەخۆیی نەیانتوانی لە ساتی یەکلابوونەوە، یەکڕواو بڕیار بن. دیارە ئەمەش لەئەنجامی  کۆمەلێک ئەگەری نێوەخۆیی  کوردستاندا هاتووە و رەنگە مالکیش رێک سیاسەتی خۆی بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو ئەگەرانە رۆنابێت. شیعەکانیش هەرچەندە نیەگرانی وترسیان لە سەنگ و هێزی حزبی خۆیان لەبەرانبەر دەستڕۆیی و بەکارهێنانی جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن مالکییەوە هەبێت، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەوەی ئەو بەرە شیعەیە لەوە لاوازتر بکەن و تێکبدەن، کە تاکو ئێستاش لە قازانجی مالکی بەرێوەدەچێت و هۆکارە دەرەکی و ناوەخۆییەکانیش بەقازانجی فرەبوونی باڵادەستی حکوومەتی شیعە بەرێوەدەچێت. تەنیا هەندێکجار وارێککەوتووە ئەمەریکا و ئێرانی ناحەز بەیەکتری بێدەنگی لە سیاسەتی مالکی بکەن، یا بێدەنگیان ببێتە نیشانەیەک بۆ رەزامەندی لە سەر رەوشەکە.

گرینگ، خەریکە جارێکی دیکە لەئەنجامی دەرکەوتنی هەڕەشەی میلتیاری لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، کورد لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش و یەکڕایی کۆببنەوە. راستە دەکرا زووتر سود لە زەمینە سازبووەکان وەربگیرێت، بەڵام هەرگیز بۆ یەکبوون و یەکزیزی و یەک گوتاری کوردستانی بەهەموو لایەنە کوردی و تورکمانی و کلدانی و ئاشورییەکەیەوە درەنگ نییە. درەنگ نییە لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتە جیاکان بەیەک ریز و لەیەک بەرنامەی هاوبەشدا بگەڕێنەوە سەر میتۆد و روانگە  و ئەو ئامانجانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک بازرانی ماوەیەک پێش ئێستا راشکاوانە خستیە بەردەم رای گشتی و ترسەکانی خستە روو، رێگاچارەی داڕشت.. ئەو کات هێندەی هێزە عەرەبییە سونی وشیعییەکان دەگەڵ پێشگرتن لە یارییە ترسناکەکانی بوون، بەرەی کوردستانی دەنگۆی دیکەی بڵاودەکردەوە، کە گوماناوای بوون .. وەلێ نابێت لەبیری بکەین ئەوەی لەبەغدا بەڕێوە دەچێت یاری حکوومەتێکی فاشل و گەندەلە، وەکو چۆن بۆتە یاریش بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هێزو لایەنی دیکە.

لە دیماهیدا دەکرێت بێژین  هەندێکجار رەوایی دەدرێتە یاریی سیاسی حکوومەت، کە لەسەر بنەمای ئەخلاقی و مرۆیی و دەستوری دادەرێژرێت، بەڵام هیچ کاتێک ئەو حکوومەت ناتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات کە دەبێتە یاری بەدەست، خودی فەرمانڕەواکانی یاخود هێزی دەرەکی و هەڵسوڕێنەر.

هەواڵی پەیوەندیدار