کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا داوای جێبەجێکردنی پلانی مارشاڵ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات
__2016_04_13_h18m15s44__HK.jpg)
ئاژانسەکان-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی خزمەتی سەربازی لە کۆنگریسی ئەمریکا، داوایکرد وڵاتەکەی پلانی مارشاڵ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
لیندسی گراھام، سەرۆکی لیژنەی خزمەتی سەربازی لە کۆنگریسی ئەمریکا، لە بەردەم کۆنگریسی وڵاتەکەی داوایکرد ئەمریکا پلانی مارشاڵ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوای شەڕی دژ بە داعش.
لۆس ئەنجلۆس تایمز، وتەکانی لیندسی گراھامی بڵاوکردەوە کە دوای گەڕانەوەی لە سەردانێکی بۆ چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسی لەو کارەسات و نەهامەتییانە کردووە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی ئەو وڵاتان هاتووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "جگە لەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە بەشی زۆری ئەوانی دیکەش دوای ئەو شەڕە پێویستییان بە پارەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سنوورەکانیان".
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێوستی بە پلانی مارشاڵە تا دوای ئەو شەڕە، ئاوەدان بکرێتەوە". پلانی مارشاڵ، ئەو پلانەی جەنەراڵی ئەمریکی، مارشاڵ بوو کە بۆ ئەوروپا دانرا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم.




