چەندین چالاکی بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی ئەنفالی گەلی كورد بەڕێوە دەچێ

هەولێر-KDP.info- ٢٨ ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعس، تاوانی ئەنفالیشی لە گەلی کورد کرد؛ بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە ڕایگەیاند، بۆ فەرامۆشنەکردنی ئەو زڵمەی لێمان کرا، بەیانی چەند چالاكییەکمان دەبێ.
(بەرەڤان حەمدی) لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە پێی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ١٤/٤ بە ڕۆژی ئەنفال ناسێنراوە، بەو مەبەستەیش بڕیار وایە سبەینێ سەعات ٩ـی بەیانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بۆ ماوەی یەك دەقە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بوەستێت، هەروەها لە زانكۆ و پەیمانگاكان، هەتا لە قوتابخانەكانیشدا پێنج دەقەی یەكەم باسی ئەو نەهامەتییە بكرێت. هەروەها بڕیار وایە لە وتاری ڕۆژی هەینییشدا، مەلا باسی ئەنفال و ئەو كارەساتە دڕندانەیە دوور لە دینە بكەن كە دەرهەق بە گەلی كورد كراوە."
گوتیشی: "بڕیاریشە ڕێورسمێكی تایبەت لە یادگار (مۆنۆمێنت)ـەکەی چەمچەماڵدا بەڕێوە بچێت؛ لەو ڕێوڕسمەدا چەند وتارێک پێشكەش دەكرێ و، تاجەگوڵینە دادەنرێ. ئەو ڕێکخراو و ناوەندانەیش وا خەمی ئەنفالیان لەبەرە، چەند شانۆ و چالاكییەكی هونەری پێشكەش دەكەن."
(حەمدی) ئاماژەی بەوەیش كرد، هەوڵەكان بەردەوامن، لەسەر ئاستی دادگا، لەسەر ئاستی پەرلەمان، حكوومەت، هەتا ڕێكخراوەكان، بەڵام ئەو هەوڵانە بەپێی چالاكی پێویستی بە ڕێكخستنێكی زیاترە، ئەمەیش بەوە دەكرێت كە كورد خۆی بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی خۆی هەنگاوبنێت تاكو بتوانێت باش ئامادەبوونی هەبێت لە دادگا نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئێستا ڕاستەوخۆ هەلسوكەوت لەگەڵ هەرێم ناكرێت بەحوكمی ئەوەی دەوڵەت نییە، بۆیە ئەگەر بووە دەوڵەت ئەوكات دەتوانێت لە دادگانێودەوڵەتییەكان ئامادەبێت و ئەو كەیسانە زیاتر بەرەو پێشەوە ببات.
ڕابین شێروانی




