ژمارەی كوژراوانی سەبازانی ئێرانی لە سووریا بەرز بووەتەوە
_(3)__2016_04_13_h17m0s36__HK.jpg)
ئاژانسەکان-KDP.info- دوای یەك هەفتە لە ڕەوانەكردنی هێزێكی كۆماندۆی سەر بە ئەرتەشی ئێران بۆ هاوكاریكردنی سوپای بەشار ئەسەد لە سووریا، سەرچاوەیەكی ئێرانی بڵاوی كردەوە كە ژمارەی كوژراوانی هێزی كۆماندۆی ئێران لە سووریا بۆ چوار كەس بەرز بووەتەوە.
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای كرد كە چوار كۆماندۆی سەر بە هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێران لە شەڕە ناوخۆییەكانی سووریادا كوژراون و ناوی كوژراوەكانیشی بڵاو كردەوە.
تائێستا سوپای پاسدارانی ئێران، سەرچاوەی پشتیوانیی سەربازیی ئێران بووە بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام بە وتەی فرانس پرێس، بە ڕەوانەكردنی هێزێكی كۆماندۆی ئەرتەش، دەستوەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەیرانی سووریا چووەتە قۆناغێكی نوێ و بەپێی هەڵسەنگاندنەكان، ئێران مانگانە لانیكەم بڕی یەك ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەكات.
ئێران، ناردنی هێزەكانی بۆ سووریا وەك ڕاوێژكاری سەربازی ناو دەبات و ڕایگەیاندووە كە ئەو هێزانە ئەركی سەرەكییان پارێزگارییە لە مەزارگەی زەینەب لە دیمەشق، بەڵام لەلایەن هەندێ لە بەرپرسانی ئێرانییەوە جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە بەشداریی ئێران لە شەڕی سووریا، پشتگیریكردنە لە بەشار ئەسەد و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕە لە وڵاتەكەی.




