وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: پێگەی داعش بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە

ئاژانسەکان-KDP.info- بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا ڕایگەیاند ئەمساڵ پێگەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكای گواستەوە كە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەكانی هێزی هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمریكا و بە هاوكاریی هێزە ناوچەییەكان لە دژی چەكدارانی داعش لە عێراق و سووریا، پێگەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییەی بۆ لاوازترین ئاست لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دابەزاندووە.
ئەنتۆنی بلینكن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەی وتی ئەمریكا بە هاوكاریی هاوپەیمانانیان توانیویانە لەسەدا چلی ئەو ناوچانە لە عێراق و لەسەدا دەی ناوچەكانی سووریا لە داعش پاك بكەنەوە. لەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە تایبەت بوو بە دیاریكردنی بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆر، بلینكن ئاماژەی بە ژمارەی تیرۆریستانی داعش نەكرد، بەڵام وتی پێگەیان بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.




